مانچێستەر سیتی چاوی لە ئامانجێکی ریال مەدریدە
2025-02-19
84 جار خوێنراوەتەوە
یانەی مانچێستەر سیتی لە هەوڵدایە بۆ گواستنەوەی ئەستێرەی بایر لیڤەرکوزن، فلۆریان ڤێرتز.
فلۆریان ڤێرتز، ئەو ئەستێرەیەی چەند وەرزێکە، سەرنجی یانە گەورەکانی ئەورووپای راکێشاوە بۆ لای خۆی، هەمووان لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەو ئەستێرەیە و دەیانەوێت بە گواستنەوەی ئەو ئەستێرە گەنجە، داهاتووی یانەکەیان مسۆگەر بکەن.
بایرن میونشن لە چەند رۆژی رابردوودا بە شێوەیەکی ئاشکرا رایگەیاند، هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ بەدەستهێنانی ڤێرتز و دەیانەوێت دووانەی موسیالا و ڤێرتز، هاوشێوەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە بایرن میونشن دروستبکەنەوە.
ریال مەدرید لە هاوینی رابردووەوە لە هەوڵدابوون بۆ بەدەستهێنانی ڤێرتز، ئەو یانەیە پشت بەوە دەبەستێت کە چابی ئالۆنسۆ وەکو راهێنەری ریال مەدرید دەستبەکاربێت و هەر ئەویش وابکات فلۆریان ڤێرتز رووبکاتە یانە شاهانەکە و ببێتە شوێنگرەوەی تۆنی کرووس.
ئەمڕۆ سەرچاوە ئینگلیزییەکان ئەوەیان خستەڕوو کە یانەی مانچێستەر سیتی لەو هەوڵدان بۆ ئەوەی فلۆریان ڤێرتز بگوازنەوە بۆ ئەوەی ببێتە شوێنگرەوەی کێڤین دی برۆین، ئەستێرە بەلجیکییەکەی سیتیزن، تەمەنی 33 ساڵە و ئاستی دابەزیوە، ئەو یاریزانە ئەم وەرزە، لە 17 یاریدا، تەنیا 2 گۆڵ و 6 ئەسیستی کردووە.
فلۆریان ڤێرتز لەم وەرزەدا بە تۆمارکردنی 15 گۆڵ و 11 ئەسیست، سەرکردایەتی بایر لیڤەرکوزن کردووە بۆ گەیشتن بە شێوەیەکی راستەوخۆ بە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ، جێگیربوون لە پلەی دووەمی بۆندیسلیگا و گەیشتن بە یاریی پێش کۆتایی جامی ئەڵمانیا.
ڤێرتز تەمەنی 21 ساڵە و داهاتوویەکی گەش چاوەڕێی دەکات، سەرەڕای هەوڵەکانی یانەی بایر لیڤەرکوزن بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، پێناچێت ئەو یاریزانە بیەوێت بۆ ماوەیەکی زۆر لەو یانەیە بمێنێتەوە.
|