فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق: توانیمان بۆ یەک گەڕی دیکە ڤار بهێڵینەوە
2025-02-19
79 جار خوێنراوەتەوە
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند کە لەگەڵ کۆمپانیای تایبەتمەندی بواری کارپێکردنی سیستمی ڤار لە خولی ئەستێرەکانی عێراق رێکەوتوون بۆ ئەوەی لە گەڕی داهاتووشدا سیستمی ڤار کاری پێبکرێت.
فیدراسیۆنەکە کەمێک لەمەوپێش لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە، عەدنان دەرجالی سەرۆکی فیدراسیۆنەکە لەگەڵ بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای بەرپرس لە سیستمی ڤار کۆبوونەتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پەیوەست بەسیستمی ڤار و توانیویانە بۆ گەڕێکی دیکەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، سیستمەکە بهێڵنەوە.
سیستمی ڤار لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لەلایەن کۆمپانیایەکەوە سەرپەرشتیدەکرێت و ئەو کۆمپانیایە پێشتر رایگەیاندبوو لەبەرئەوەی مافە داراییەکانیان وەرنەگرتووە، چیدی سیستمەکە لە خولەکەدا کارپێناکەن و بەوەش ترس لە راوەستانی یەکجاریی سیستمەکە لە خولەکەدا سەریهەڵدابوو.
بڵاوکراوەکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەڵێ، "دوای چەندین کاژێر گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، مۆڵەتی ئەوەمان وەرگرت کە رێگەپێدانی کاتیی بۆ بەردەوامبوونی سیستمی ڤار تەنیا لە گەڕی داهاتووی خولەکەدا، ئەمەش لەپێناو رەخساندنی هەل لەبەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دارایی و بەردەستخستنی پارەی پێویست بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتدانی کارەکە، بەبەردەوامی".
فیدراسیۆنەکە هەروەها دەڵێ، "ئێمە تەنیا یەک گەڕی دیکە رەزامەندیمان وەرگرتووە، دوای ئەوەی بەداخەوە کە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان لەبەردەست نابێت، ئەگەر کێشە داراییەکە چارەسەر نەکرێت".
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە کۆتاییدا دووپاتیدەکاتەوە، کە "بەتەواویی پابەندین بەگەشەپێدانی خولە نێوخۆییەکان و کارکردن لەپێناو بەردەستخستنی سەرجەم پێویستییەکان بۆ دەرخستنی خولی عێراق بەباشترین شێوە کە رەنگدانەوەی گەشەی تۆپی پێی عێراقی بێت، هەروەها گەیشتن بەئامانجەکەمان کە بریتییە لە بەبەرزکردنەوەی ئاستی خولی عێراق وەک یەکێک لە بەهێزترین خولەکانی تۆپی پێی ئاسیا".
سیستمی ڤار لە وەرزی رابردووەوە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق کاری پێدەکرێت و بوونی ئەو سیستمە بەمەرجێکی سەرەکی بۆ ئەنجامدانی خولە جیهانییەکان لەلایەن فیفاوە دادەنرێت.
|