ڤار لە عێراق راگیرا
2025-02-16
59 جار خوێنراوەتەوە
ئەو کۆمپانیایەى سیستمى ڤارى بۆ یارییەکانى خولى ئەستێرەکانى عێراق دابین دەکرد، کارکردن بەو سیستمە لە یارییەکاندا رادەگرێت، بەهۆى نەدانى شایستەى داراییان. بەڕێوەبەرى کۆمپانیاکە دەڵێت"ئەگەر هەیە لە دوو گەڕى داهاتوودا گواستنەوەى دیمەنى یارییەکانیش رابگرین".
کۆمپانیاى عەشتار بۆ بەرهەمهێنان و بە بازاڕکردنى وەرزشى، خاوەنى سیستمى ڤار و گواستنەوەى تەلەڤزیۆنى یارییەکانى خولى عێراقە، کۆمپانیاکە رایگەیاند؛ لە یاریىەکانی گەڕی داهاتووەوە کارکردن بە سیستمى ڤار لە خولى ئەستێرەکانی عێراق رادەگرن.
محەممەد هەیچەل، بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى عەشتار بۆ بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردنى وەرزشى، بە میدیاکانی راگەیاند "ئەمساڵ هیچ بڕە پارەیەکمان لە شایستەى دارایی گرێبەستەکەمان لەگەڵ تۆڕى راگەیاندنى عێراقى وەرنەگرتووە، کە یەک ملیار دینارى بۆ کارپێکردنى سیستمى ڤار و هەشت ملیار دینارەکەى دیکەى بۆ گواستنەوەى یارییەکانە" .
سیستمى ڤیدیۆیی ڤار ماوەی چەند ساڵێکە لە خولەکانی تۆپی پێی زۆر لە وڵاتانی جیهان بەکاردەهێننرێت بەمەبەستی کەمکردنەوەی بڕیارە هەڵەکانی ناوبژیوانان.
سیتمی ڤار لە یارییەکاندا لەلایەن ناوبژیوانانەوە بەکاردەھێنردێت بۆ پێداچوونەوە بەو بڕیارانەی کە گومان لە درستییان دەکرێت، لە رێگەى سەیرکردنەوەى دیمەنى تۆمارکراوى حاڵەتەکە.
محەممەد هەیچەل ئاماژەى بەوەدا، کە کارکردنیان بە سیستمى ڤار بۆ یارییەکان راگرتووە و ئەگەر هەیە لە دوو گەڕى داهاتووەوە گواستنەوەى دیمەنى یارییەکانیش رابگرن، بۆ هەر یارییەک پێویستیان بە پەنجا بۆ 60 کارمەندە کە کار بە ئامێرەکان بکەن، کە ئەمساڵ مووچەیان وەرنەگرتووە.
بەگوێرەى گرێبەستەکە، ئەو کۆمپانیایەى سەرپەرشتى سیستمى ڤار و گواستنەوەى دیمەنى 40 یارى خولى ئەستێرەکانى عێراق دەکات لە ساڵێکدا، تاوەکو ئێستا 20 یارى ئەو خولە ئەنجامدراوە.
|