کۆبارسی: بارسێلۆنا یانەی دڵخوازی ژیانمە

2025-02-15  50 جار خوێنراوەتەوە

پاو کۆبارسی، بەرگریکەری لاوی یانەی بارسێلۆنا، دڵخۆشیی خۆی بەنوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی دەربڕی و بەڵێنیدا لە خزمەتکردنی یانەکە بەردەوام بێت.
 
بارسێلۆنا نوێکردنەوەی گرێبەستی کۆبارسیی تەمەن 18 ساڵی تاوەکو ساڵی 2029 راگەیاند. پاشئەوەی گرێبەستی چەندین یاریزانی دیکەی لاوی تیپەکەی نوێکردەوە.
 
کۆبارسی، لەدوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رایگەیاند، "دڵخۆشم بەنوێکردنەوەی گرێبەستەکەم لەگەڵ دڵخوازترین یانەی ژیانم، بارسێلۆنا هەموو شتێکی پێبەخشیم".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "دڵخۆشم بەو ئەزموونانەی بینیمن، گرنگ بوو کاتێک خێزانەکەمم بینی لەپاڵمدا وەستاون. رێگەکە بۆ من کورت بوو، هاوڕێکانم لە تیپەکە زۆر هاوکارییانکرد، هەروەها دەستەی راهێنەران لە هەموو بوارەکاندا، ئەوان وایانکرد من ببمە ئەو یاریزانەی ئێستا هەم".
 
کۆبارسی بەیەکێک لە درەوشاوەترین یاریزانە لاوەکانی بارسێلۆنا دادەنرێت کە دەرچووی فێرگەی لاماسیای تیپەکەیە و چاوەڕێی ساڵانێکی پڕ لە درەوشانەوە و دەرکەوتنی لەگەڵ یانەکە لێدەکرێت.
 
کۆبارسی هەروەها دەڵێ، "سوپاسی هەمووان دەکەم بۆ ئەوەی پێشکێشیان کرد، من چێژ لە یارییکردن بەم درێسەوە دەبینم کە درێسی باشترین یانەی جیهانە".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "خەونی هەموو دونیام هەیە، چونکە یانەکەم خەونی گەورەی هەیە، خەونەکە بریتییە لەبردنەوەی هەموو یارییەکان و نازناوەکان، هەوڵدەدەین ئەوە بکەین کە هاندەران هیوای بۆ دەخوازن".
 
کۆبارسی هەروەها داوای لە هاندەرانی بارسێلۆنا کردووە، "لە کاتە باش و کاتە خراپەکانیشدا لە پشتمان بن، هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین لە یاریگەدا باشترین ئاستمان پێشان بدەین".
 
هەروەها دەڵێ، "تەنیا کە دەبینم یاریزانی بارسێلۆنام، ئەوە رووداوێکی باوەڕپێنەکراوە، ناتوانم بەوشە قسەی لەبارەوە بکەم".
 
لە نوێکردنەوەی گرێبەسی پاو کۆبارسیدا، بارسێلۆنا مەرجی سزای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بە 500 ملیۆن یۆرۆ داناوە، لە کاتێکدا پێشبینیدەکرا بڕی پارەی سزای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە بۆ یەک ملیار یۆرۆ بەرز بکرێتەوە.
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە