شەڕکەرێکی ئەمریکی هەڕەشە لە مێسی دەکات

2025-02-15  61 جار خوێنراوەتەوە

لۆگان پۆڵ، یوتوبەر و بۆکسێنەری بەنێوبانگی ئەمریکی، چاڵنجێکی سەیر و نامۆی ئاراستەی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و کاپتنی یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی کرد بۆ ئەوەی لەنێو رینگەکانی بۆکسێندا شەڕبکەن.
 
ئەو ئاڵنگارییەی پۆڵ لەکاتێکدایە شەڕێکی یاسایی لەنێوان کۆمپانیاکەی و کۆمپانیای خواردنەوە وزەبەخشەکەی مێسیدا هەیە، کە هەردوولا هەوڵدەدەن رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر یەکدی بگرنەبەر لەسەر مارکە بازرگانییەکانیان.
 
بەدرێژایی کاروانی وەرزشییەکەی، لیۆنێل مێسی لە یاریگاکانی تۆپی پێدا رووبەڕووی رکابەرە هەرە بەتواناکانی بووەتەوە، دیارترینیان کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی ئێستای یانەی نەسڕی سعودیە و پێشووی ریال مەدرید بوو، بەڵام ئەمجارە خۆی لە رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی دیکە دەبێتەوە لە دەرەوەی جیهانی وەرزش، کە کەسێک هەوڵدەدات رکابەرییەکە بگوازێتەوە بۆ نێو رینگەکانی بۆکسێن.
 
لۆگان پۆڵ، کەسایەتییەکی بەنێوبانگی یوتیوب و شەڕکەرێکی پیشەگەرە، بە یارییە نماییشییەکەی بەرامبەر فلۆید مایوێزەر و دەرکەوتنەکانی لە WWE ناسراوە، کە دوایین دەستکەوتی بەشداریکردنی بووە لە بەرنامەی Royal Rumble 2025، کە تێیدا هەردوو ئەی جەی ستایلز و سی ئێم بانکی دەرکرد پێش ئەوەی لەلایەن جۆن سیناوە لە دووربخرێتەوە.
 
لە ڤیدیۆیەکی ئەم دواییەیدا لە سۆشیال میدیا، پۆڵ چاڵنجێکی بۆ ئەستێرە ئەرجەنتینیەکەی کرد بۆ ئەوەی لە یارییەکی بۆکسێندا رووبەڕووی یەکدی ببنەوە، دوای ئەوەی مێسی تۆمەتبار کرد بە کۆپیکردنی بیرۆکەی ئەو خواردنەوە وزەبەخشەی کە بانگەشەی بۆ دەکات.
 
ئەو شەڕکەرە تەمەن 29 ساڵییە، سکاڵای یاسایی لەسەر مێسی تۆمارکردووە و بانگەواز بۆ ئەوە دەکات کە مێسی بیرۆکەی خواردنەوەکەی "پرایم"ـی لەو دزیوە.
 
مێسی لەم دواییانەدا پەردەی لەسەر خواردنەوەیەکی تایبەتی خۆی بە ناوی "Mas+" لادا، کە زۆر لە بەرهەمەکەی لۆگان پۆڵ دەچێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە