رۆناڵدۆ: هەرچی بەرازیلییە بەشەڕ لە بارسێلۆنا دەڕوات
2025-02-15
64 جار خوێنراوەتەوە
رۆناڵدۆ نازاریۆی ئەفسانەی پێشووی بەرازیل، بەداخە بۆ ئەو رووداوانەی بەسەر یاریزانە بەرازیلییەکاندا دێت لە یانەی بارسێلۆنا، دەڵێ کۆتایی هەمووان ناخۆشە.
رۆناڵد کە ماوەی وەرزێک یاریی بۆ بارسێلۆنا کردووە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆماریۆ، دەڵێ، بارسێلۆنا ساڵانێکی زۆرە، کێشەیەکی گەورەی کارگێڕییان هەیە.
خاوەنی یانەی ڤایادۆلیدی ئیسپانی، گلەیی لەو مامەڵەیە کردووە کە خۆی و هاونیشتمانییەکانی لە یانەی بارسێلۆنا رووبەڕووی بوونەتەوە.
رۆناڵدۆ روونیکردووەتەوە، پاشئەوەی وەرزێکی "ناوازە"ی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا بەڕێکردووە، لەگەڵ بەرپرسانی یانەکە رێکەوتووە بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەڵام وەک ئەو دەڵێ، "پاش پێنج رۆژ پێیانڕاگەیاندم کە ناتوانم بەردەوام بم و ناچاربووم لە یانەکە بڕۆم".
رۆناڵدۆی 48 ساڵان دەڵێ، "وەک ئەوە وابوو، بۆکسێک لە گەدەم بدەن، چونکە من شارەکەم خۆشدەویست".
رۆناڵدۆ نموونەی مامەڵەی خراپی کارگێڕیی بارسێلۆنا لەگەڵ یاریزانە بەرازیلییەکان بەچەندین هاوڕێی خۆی دەهێنێتەوە، ئەو دەڵێ، "ریڤاڵدۆ بەشەڕ لە یانەکە چووە دەرەوە، رۆناڵدینیۆ بەشەڕ لە یانەکە چووە دەرەوە، نەیمار بەهەمان شێوە، ئێوە تەماشای ئەو مێژووە بکەن کە بارسێلۆنا لەگەڵ یاریزانە بەرازیلییە سەرکەوتووەکان دروستیکردووە، لە کۆتاییدا هەموو پەیوەندییەکە تێکدەچێت و بەناشرینی کۆتایی دێت".
رۆناڵدۆ ئاماژە بەرۆماریۆ دەدات و دەڵێ، تۆش بەهەمان شێوە بەناخۆشی لە یانەکە رۆیشتیت.
دیاردە وەڵامی ئەوەی نەداوەتەوە کە ئایا کارگێڕیی ئێستای بارسێلۆنا هاوشێوەی ئەوەی جارانە یان نا؟ بەڵام دەڵێ، یانەکە لە هەندێک وێستگەی هەستیاردا هەندێک بڕیاریدا کە هاندەران پێشبینییان نەدەکرد.
رۆناڵدۆ نازاریۆ لە 1996 لە ئایندهۆڤنی هۆڵەندییەوە پەیوەندی بەبارسێلۆناوە کرد، بەڵام دوای تەنیا یەک ساڵ، روویکردە ئینتەرمیلانی ئیتاڵی، ئەگەرچی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە ئاستی زۆر باشبوو.
رۆناڵدۆ لە 2002 دوای بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیال لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل، پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد و یەکێکبوو لەو یاریزانانەی پێکهێنەری گالاکتیکۆسی یانەکە بوون، لەپاڵ هەریەکە لە زیدان، بێکهام، لویس فیگۆ و چەندین یاریزانی دیکەی گەورە.
|