سەرۆکی بەرازیل گاڵتە بە ئەنچێلۆتی دەکات، رۆبۆتێک لە یاریزانەکانمان باشترە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  22 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆک لویس ئیناسیۆ لولا داسێلڤا، دەنگی خۆی خستە پاڵ دەنگی ئەو کەسانەی رەخنەی تووندیان لە کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل گرت، پاشئەوەی لە قۆناخی شانزەی مۆندیال کرایە دەرەوە.

سەرۆکی بەرازیل، نمایشکردنی رۆبۆتێکی قۆستەوە بۆ رەخنەگرتن و گاڵتەکردن بە ئەنچێلۆتی، پاشئەوەی هەڵبژاردەکە لەسەردەستی نەرویج بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک دۆڕا و ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد.

داسێلڤا، سەردانی پەیمانگای 'ماوا'ی تەکنەلۆجیی کرد لە ساوپاولۆ. هەلەکەی قۆستەوە بۆ ئەوەی رەخنە و گاڵتە ئاراستەی ئەنچێلۆتی بکات، کە بڕیارە تاوەکو کۆتاییهاتنی مۆندیالی 2030 لە پۆستەکەی بەردەوام بێت.

سەرۆکی بەرازیل لە کاتی بەسەرکردنەوەی بەشە جیاوازەکانی پەیمانگاکەدا، سەرسامیی خۆی بە پڕۆژەی یەکێک لە قوتابییەکان پێشاندا، کە نموونەی رۆبۆتێکی پێشکەوتووی دروستکردبوو. سەرۆک، رۆبۆتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئەنچێلۆتی بەکارهێنا.

داسێلڤا وتی، "ئەم رۆبۆتە دەخەمە بەردەستی ئەنچێلۆتی، ئەم گەنجە رۆبۆتێکی دروستکردووە کە جەنگاوەرییەکی راستەقینەی هەیە، وەک ئێمباپێ وایە، یان هالاند، ئەم رۆبۆتە باشتر تۆپ لێدەدات لە یاریزانەکانمان، دەکرێ ئەنچێلۆتی گرێبەستی لەگەڵ بکات، من دڵنیام ئەم رۆبۆتە مۆندیالمان بۆ دەباتەوە".

ئەنچێلۆتی، لەپێناو بەدەستهێنانەوەی نازناوی مۆندیال، مەشقدانی هەڵبژاردەی بەرازیلی پێدرا، بەڵام ئاستی خراپی هەڵبژاردەکە لە مۆندیالی ئەمساڵ، هەمووانی نیگەران کرد.

سەرۆکی بەرازیل لە پەیمانگا تەکنەلۆجییەکە بە ئامادەبووانی گوت، "دەزانن ئەنچێلۆتی کێیە؟ ئەو راهێنەری هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئێمەیە، ئەو پیاوە بە ستافیکی دەیان کەسییەوە چووە ئەمریکا بۆ مۆندیال، بەڵام کاتێک گەڕایەوە تەنیا یەک یاریزان لە نێو فڕۆکەکەدا بوو، بەڕاستی ئەوە شوورەییە، تەنیا یەک یاریزان گەڕایەوە وڵات".

پێشتر میدیای بەرازیل ئاشکرایانکردبوو، فڕۆکەی تایبەتی هەڵبژاردەی بەرازیل، کاتێک لە ئەمریکاوە گەڕاوەتەوە وڵاتەکە، تەنیا یەک یاریزانی تێدابووە کە دانێلۆ بووە، لەگەڵ دەستەی تەکنیکی و یاریدەدەرانی راهێنەر گەڕاوەتەوە، بەڵام هیچ یاریزانێکی دیکە نەگەڕاوەتەوە.

ئەوە یەکەمجارنییە سەرۆکی بەرازیل رەخنە لە ئەنچێلۆتی دەگرێت، پێشتر گاڵتەی بەبانگهێشتکردنی نەیمار بۆ مۆندیال گرتبوو و گوتبووی، "نەیمار یەکەم یاریزانە بە سیستمی کارکردن لەماڵەوە یارییدەکات". وەک ئاماژەیەک بۆ بردنی نەیمار بۆ مۆندیال، بەپێکانەوە.

لە دوای شکستەکەی مۆندیال، ئەنچیلۆتی رووبەڕووی رەخنەی زۆر و گوشاری زۆر بووەتەوە و دەنگەکان بۆ دوورخستنەوەی لە وڵاتەکەدا بەرز بووەتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە