چیرۆکی ئەو کوڕە کوردەی بووە فریادڕەسی ئەڵمانیا

1     کاتژمێر پێش ئێستا  67 جار خوێنراوەتەوە

لە مۆندیالی 2026ـی فیفادا، تۆمارکردنی دوو گۆڵی گرنگ لەلایەن دێنیز ئونداڤی کوردان بەرامبەر بە کۆتدیڤوار، هەڵبژاردەی ئەڵمانیای لە شکستێکی 1-0 بۆ سەرکەوتنێکی دراماتیکی 2-1 برد و گەیاندییە قۆناخی 32. بەڵام زیاتر لە ئاستە سەرسوڕهێنەرەکەی، چیرۆکی ژیانی پڕ لە کۆسپی ئەم یاریزانە کوردە ئێزدییە و ماڵباتەکەی بووەتە رۆژەڤی گەرمی میدیای جیهان.

یارییەکە رۆژی یەکشەممە، 21-06-2026، لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا لەبەردەم 43 هەزار هاندەردا بەڕێوەچوو. کۆتدیڤوار لە خولەکی 30 بە گۆڵێکی فرانک کیسێ، بە پاسێکی یان دیۆماندی پێشکەوت. ئەڵمانیا لە نیوەی یەکەمدا دوو گۆڵی تۆمارکرد بەڵام لەلایەن ناوبژیوانی پاراگوایی، خوان گابریێل بێنیتێزەوە رەتکرانەوە؛ یەکەمیان گۆڵەکەی ئەلێکساندەر پاڤلۆڤیچ لە خولەکی 21 بەهۆی فاوڵ لەسەر گۆڵپارێز یەحیا فۆفانا و دووەمیان گۆڵەکەی کای هاڤێرتز لە خولەکی 38 بەهۆی فاوڵی جەمال موسیالا بوو.


گۆڵی یەکەمی ئونداڤ

لە خولەکی 60ـدا، جولیان ناگلیسمان، راهێنەری ئەڵمانیا بڕیاریدا جەمال موسیالا بباتە دەرەوە و دێنیز ئونداڤ بهێنێتە ناو یاریگەوە. تەنیا دوای 8 خولەک و لە خولەکی 68ـدا، ئونداڤ گۆڵی یەکسانبوونەوەی بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش بە پاسی نەدیم ئەمیری تۆمارکرد. لە کاتێکدا یارییەکە بەرەو کۆتایی دەچوو، لە خولەکی 94 (90+4)ـدا، ئونداڤ بە ئەسیستێکی فیلیکس ئێنمیچا گۆڵی سەرکەوتنی تۆمارکرد و یاریگەی هەژاند. ئەم یارییە بۆ مانوێل نۆیەریش مێژوویی بوو، کە 21ـەمین یاریی خۆی لە مۆندیالدا کرد و ریکۆردی هۆگۆ لۆریسی فەرەنسی شکاند وەک زۆرترین بەشداریی گۆڵپارێزێک لە مۆندیالدا.

ماڵباتێکی ئێزدیی ئاوارە و باوکێک وەک نموونەی باڵا

دێنیز ئونداڤ لە دایکبووی 19-07-1996ـە لە شاری ڤارێلی ئەڵمانیا، بەڵام ماڵباتەکەی کوردێکی ئێزدیی خەڵکی گوندی زێڤرای سەر بە وێرانشاری پارێزگای رووهای باکووری کوردستانن و دایکیشی خەڵکی قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانە. ماڵباتی ئونداڤ لە دوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی 1980ـی تورکیا، بەهۆی گوشارە سیاسییەکان و دۆخی ئابوورییەوە کۆچیان کرد و لە ڤارێلی ئەڵمانیا نیشتەجێ بوون.

تانیای هاوژینی ئونداڤ و کچەکەی

ئونداڤ لە سەرەتای کاروانەکەیدا رووبەڕووی رەتکردنەوەی زۆر بووەوە، لەوانەش لە لایەن یانەی ڤێردەر برێمەن بەهۆی کورتیی باڵایەوە، بەڵام کۆڵی نەدا و لە خولە نزمەکانەوە گەیشتە مێپێن، سانت ژیلوازی بەلجیکی، برایتنی ئینگلیزی و دواجار شتوتگارت و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا. 

ئونداڤ لەبارەی باوکییەوە دەڵێت: "باوکم نموونەی باڵای منە. ئەو بە بێ هیچ شتێک هاتە ئێرە و خۆی دروستکرد. منیش هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ ئەوەی شانازیم پێوە بکات و 10 هێندەی ئەو کارە بکەم کە ئەو لەپێناوماندا کردی. باوکم دوو سێ کاری دەکرد بۆ دابینکردنی ژیانمان. ئێمە وەک کورد و ئێزدی دەوڵەت و هەڵبژاردەی نیشتمانیی خۆمان نییە، بۆیە لە هەر کوێ بین، بنەچەی خۆمان لە دڵماندا هەڵدەگرین." گەلی ئێزدی لە ئەڵمانیا کۆمەڵگەیەکی گەورەی نزیکەی 200 هەزار کەسی پێکدەهێنن.

تانیا ئونداڤ: هاوژین و پاڵپشتە بێدەنگەکە

تانیا ئونداڤ، هاوژینی ئونداڤ خۆی کوردێکی ئێزدیی خەڵکی میدیاتی مێردینی باکووری کوردستانە و لە ئەڵمانیا گەورە بووە. پێکەوەژیانی ئەوان لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە دێنیز هێشتا یاریزانێکی نەناسراوی خولە نزمەکان بوو و هیچ ناوودەنگ و خەونێکی مۆندیالی نەبوو. تانیا لە تاریکترین و سەخترین قۆناخەکانی کاروانەکەیدا، لە رووی رێکخستنی ژیانی تەندروست و دیسپلینەوە پاڵپشتێکی گەورەی بووە.

ئونداڤ و تانیای هاوژینی


ئەوان لە تشرینی دووەمی 2021 لە شاری ئاخیمی ئەڵمانیا ژیانی هاوژینییان پێکهێنا و لە ئابی 2024ـدا کچێکیان بوو. تانیا بە پێچەوانەی زۆربەی هاوژینی یاریزانە ناودارەکانەوە، خۆی لە میدیا بەدوور دەگرێت و تەنیا لە یارییە گەورەکان و رێوڕەسمی خەڵاتەکاندا دەردەکەوێت.

کاردانەوەی میدیای جیهان بۆ باهۆزی ئونداڤ

ئاستە بەرزەکەی ئونداڤ، کە ئێستا یەکەم یاریزانی مۆندیالی 2026ـە لە 2 یاریدا (تەنیا 56 خولەک یاریکردن) بەشداریی لە 5 گۆڵدا (3 گۆڵ و 2 ئەسیست) کردبێت و ریکۆردی رۆجێر میلای لە ساڵی 1990ـەوە شکاندبێت، کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە:

کیکەر (ئەڵمانیا): "دێنیز ئونداڤ جارێکی دیکە تواناکانی خۆی وەک یاریزانێکی یەدەگی کاریگەر سەلماندەوە بە تۆمارکردنی سێیەم گۆڵی لە دووەم یاریدا."

بیڵد (ئەڵمانیا): "دەبێت ئونداڤ لە هەموو یارییەکدا یاری بکات."

دەیلی مەیل (بەریتانیا): "وەک ئەوە وابوو جیهان لە جووڵە وەستابێت کاتێک دێنیز ئونداڤ تۆپەکەی لە تۆڕەکەدا جێگیر کرد. بێدەنگییەکی درێژخایەن باڵی کێشابوو پێش ئەوەی ئاهەنگگێڕان و خۆشییەکان بتەقنەوە. کۆتاییهێنانێکی بێوێنە بوو."

بی بی سی (بەریتانیا): "سەری رێز بۆ دێنیز ئونداڤ دابنوێنن. دەبێت بەزەییت بە کۆتدیڤواردا بێتەوە. دوای ئەو ئاستە سەرنجڕاکێشەی پێشکێشیان کرد، ئەم ئەنجامە دڕندەییەکی بێ پاساو بوو."

زە سەن (بەریتانیا): "ئەمە یەکێک بوو لە پڕکێشەترین و تووندترین 90 خولەکی ئەم مۆندیالە تاوەکو ئێستا."
 
دەنیز ئونداڤ

لیکیپ (فەرەنسا): "چ شۆکێک بوو!"

لاگازێتا دیلۆ سپۆرت (ئیتاڵیا): "کۆتدیڤوار شایەنی زیاتر بوون، بەڵام کاتێک دوای کاژێرێک ئاستیان دابەزی، لەلایەن ئونداڤەوە شۆککران کە یاریزانە یەدەگە هەمیشەییەکەی ناگلیسمانە. کەسایەتی ئەڵمانییەکان جارێکی دیکە سەرکەوت."

کۆریێرێ دیلۆ سپۆرت (ئیتاڵیا): "ئونداڤ بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ، ئەستێرەی بێ رکابەری یارییەکە بوو."

ئەی ئێس (ئیسپانیا): "ئونداڤ ئەڵمانیایەکی لاوازی لەگەڵ خۆی راکێشا و گەیاندییە سەرکەوتن."

مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ (ئیسپانیا): "دوای بەشداری لە دوو مۆندیالدا کە تێیدا لە قۆناخی کۆمەڵەکان ماڵئاواییان کردبوو، ئێستا پاڵەوانانی چوار جاری جیهان بە جۆش و خرۆشەوە ئاهەنگی گەیشتن بە قۆناخی 16 دەگێڕن."

فۆتۆسپۆر (تورکیا): "دێنیز ئونداڤ بەهۆی ئەوەی بەڕەچەڵەک کوردە، هەڵبژاردەی تورکیای رەتکردووەتەوە و ئەو بەردەوامە لە راکێشانی هەست و سۆزەکان لە شتوتگارت."

لێدوانی ئونداڤ و ناگلیسمان دوای یارییەکە

ئونداڤ دوای یارییەکە رایگەیاند: "ئەمە زۆر گرنگە. هەمیشە باشە کە یاری یەکەم ببەیتەوە و دواتر یاری دووەمیش. ئێمە دەمانەوێت بگەینە لووتکەی دەستکەوتەکان، لووتکەش بەدەستهێنانی نازناوەکەیە. هەموو شتێک بۆ ئەو مەبەستە دەکەین."

یولیان ناگلیسمان، راهێنەری ئەڵمانیا لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیدا ستایشی ئاستی ئونداڤی کرد و گوتی: "ئەو لە جووڵەکانیدا زۆر نایابە. دوای گۆڵی یەکەم، پاسێکی زۆر باشی لە فیلیکس بۆ هات. جاری دووەمیش، جووڵەیەکی نایابی کرد، تەنانەت سەیری گۆڵەکەشی نەکرد. دەکرێت لە یاریی داهاتوودا لە پێکهاتەی سەرەکی دابنرێت، بەڵام پێموایە ئەو بەم دۆخەی ئێستای زۆر دڵخۆشە، چونکە رۆڵێکی گرنگی گێڕا و ئێمەش زۆر لە ئاستی رازین."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە