قورئانخوێنی پرسە لە 75 هەزار دینار زیاتر وەربگرێت سزا دەدرێت
2 کاتژمێر پێش ئێستا
102 جار خوێنراوەتەوە
بە بڕیارێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، نابێت پرسە لە یەک رۆژ زیاتر بێت و قورئانخوێنی ژن و پیاویش نابێت لە 75 هەزار دینار بۆ رۆژێک زیاتر وەربگرن.
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، رایگەیاند: "دوو کۆبوونەوەمان لەبارەی رێکخستنەوە و کۆمەڵێک بڕیاری تایبەت بە پرسە و بۆنە ئایینییەکان کردووە و، لە کۆتایی هەفتە دووبارە کۆبوونەوە دەکەین بۆ زیاتر دڵنیابوون لەسەر رێنماییەکان."
نەبەز ئیسماعیل ئاماژەی بەوەشکرد: "بەڕێوەبەری مزگەوتەکانمان ئاگادار کردەوە کە پرسە تەنیا یەک رۆژە و هیچ خاوەن پرسەیەکیش بۆی نییە مزگەوت و هۆڵی پرسە بگۆڕێت."
بڕیار و رێنماییەکانی دیکە ئەمانە بوون:
1- نابێت لە یەک رۆژ زیاتر پرسە لە مزگەوتەکان بەڕێوە بچێت.
2- نرخی قورئانخوێن بۆ پیاوان و ئافرەتان 75 هەزار دینار دیاری کراوە.
3- خاوەن پرسەکان، تەنیا یەک مزگەوت بەکاربهێنن و نابێت شوێن بگۆڕن.
4- رێنماییەکی توند دانراوە بۆ پاک و خاوێنی ژینگە بۆ چاودێریی مزگەوت و خەڵک.
5- ئەگەر لە رۆژێک زیاتر دەرگای مزگەوت بۆ هەر بۆنەیەک بکرێتەوە خاوەنی مزگەوت و مامۆستا تووشی سزای ماددی دەبن.
6- هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی ئایینی، بە بۆنە حیساب دەکرێت، وەک ژن مارەکردن و مەولوود.
|