زیاتر لە 4 هەزار کارمەندی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەسەر گەندەڵی دەرکران
1 کاتژمێر پێش ئێستا
41 جار خوێنراوەتەوە
زیاتر لە 4 هەزار کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ لەسەر گەندەڵی دەرکران و 15 هەزار دۆسیەی ئەو تۆمەتبارانە رەوانەی دادگاکانی عێراق کراون و چاوەڕیی بریاری کۆتایی دادگا دەکەن.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاماری ئەو سەرپێچیکارانەی خستەڕوو کە لە کارەکانیان دەرکراون لەگەڵ ئەو دۆسیانەی ڕەوانەی دادگا کراون، هاوکات ئاماژەی بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند کرد بۆ پاراستن و پاڵپشتیکردنی توانا و لێهاتووییە پیشەییەکان.
مێقداد موسەوی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، پاراستن و پاڵپشتیکردنی لێهاتووییە پیشەییەکان بەتایبەت پزیشکان، ڕۆژنامەنووسان، پارێزەران و کادرانی پەروەردە و فێرکردن، فاکتەرێکی ئێجگار گرنگە بۆ وەزارەتی ناوخۆ.
ئاماژەی بەوەش کرد ئەنجومەنی باڵای دادوەری لەم ڕووەوە جەختی لەسەر بابەتەکە کردووەتەوە، ئەمەش لەپاڵ ئەو ڕێنماییانەی کە لەلایەن وەزیری ناوخۆوە سەبارەت بە گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان لەم بوارەدا دەرکراون.
موسەوی زانیاری زیاتری ئاشکرا کرد و وتی: "زۆرێک لە سەرپێچیکاران دەستگیرکراون و ڕەوانەی دادگا کراون و سزایان بەسەردا سەپێندراوە، بۆیە ئەم بابەتە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە و یاسا سزای توندی بۆ داناوە بەپێی بڕگەکانی ماددەی 229 و ماددەی 230، کە مافی گشتی وەزارەتی ناوخۆ دەپارێزن لە ڕێگریکردن لە هەر جۆرە هێرش و دەستدرێژییەک بۆ سەر ئەم توێژانە."
لە درێژەی قسەکانیدا وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ڕوونیکردەوە: "لە دوو ساڵی ڕابردوودا ڕێوشوێنەکانی پشکنینمان چڕتر کردووەتەوە، چ لەلایەن دەستەی پشکنینی کارگێڕی و پیشەیی یان لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ناوخۆوە، و ساڵی 2023 بەرزترین ئاماری لە پرۆسەکانی سزاداندا تۆمارکردووە."
ئامارەکانی کەرتی ناوخۆ بەم شێوەیەن:
• لە ساڵی 2023دا:
o نزیکەی 35 هەزار دۆسیە ڕەوانەی دادگاکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کراون.
o نزیکەی 27 هەزار سزای جۆراوجۆر دەرکراون.
o 2,129 کارمەند لە خزمەت دەرکراون.
• لە ساڵی 2024دا:
o پرۆسەی دەرکردن لە خزمەت گەیشتووەتە 4,060 کارمەند.
o 15 هەزار دۆسیە ڕەوانەی دادگاکان کراون و 12 هەزار سزایان لێ کەوتووەتەوە.
|