جێگرەوەی عەدنان جومەیلی دیاری کرا و شوێنەکەی پڕکرایەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
60 جار خوێنراوەتەوە
بەپێی بەڵگەنامەیەک، دکتۆر حامید یونس زەوبەعی، ڕاوێژکاری وەزارەتی نەوت، ڕاسپێردرا بە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری پاڵاوتن (بە وەکالەت) لە شوێنی عەدنان جومەیلی.
عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٦دا لە ناوچەی ئیسحاقی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیرکرا.
هۆکاری دەستگیرکردنەکەی تۆمەتبارکردنی بە گەندەڵی دارایی گەورە و بەهەدەردانی سامانی گشتییەو دۆسیەکەی بە یەکێک لە گەورەترین دۆسیەکانی گەندەڵی لە کەرتی نەوتی عێراقدا دادەنرێت.
لە کاتی پشکنینی ماڵ و مۆڵکەکانیدا، دەست بەسەر بڕێکی خەیاڵی پارەی کاش (زیاتر لە ١٣٠ ملیۆن دۆلار و چەندین ملیار دینار)، دەیان خانووبەرە، و بڕێکی زۆر زێڕدا گیرا کە بەشێکی زۆری لەناو حەشارگە و حەوزەکانی ئاوی باران لەژێر زەویدا شاردرابوونەوە.
دوای دەستگیرکردنی، دانپێدانانەکانی جومەیلی بووە هۆی دەستگیرکردنی دەیان کەسی تر (نزیکەی ٦٧ کەس) کە لە نێوانیاندا پەرلەمانتار، بەرپرسی باڵای حکومی و بازرگان هەن.
بەهۆی ئەم کێشانەوە، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بە فەرمی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و دواتر دکتۆر حامید یونس لە شوێنی دەستبەکاربوو.
|