ئوسامە جەمیل رۆمانی قوماش چاپ و بڵاودەکاتەوە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  23 جار خوێنراوەتەوە

ئوسامە جەمیل، نووسەر، ئەکتەر، دەرهێنەری دراما و ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراق، بۆ یەکەمجار رۆمانێک بە ناوی "قوماش" چاپ و بڵاو دەکاتەوە. 

ئوسامە جەمیل، بە میدیاکانی راگەیاند: "ئەم رۆمانە باس لە گەنجێكی كوردی ساڵانی هەشتاكانی سەتەی رابردوو دەکات؛ عاشقی كچێک دەبێت و دەیەوێ هاوسەرگیری لەگەڵ بكات، بەڵام رووبەڕووی كۆمەڵێک بەربەستی سیاسی و كۆمەڵایەتی سەخت دەبنەوە. هەموو هەوڵی خۆیان بۆ پێکگەیشتن دەدەن، بەڵام بەربەستەكان هێندە گەورەن، دووچاری کێشەی گەورەی وەک راوەدوونان، گیران و رۆژگاری سەختی بەندیخانەشیان دەكاتەوە."

ئوسامە جەمیل دەڵێت تاوەکو ئێستا سێ رۆمانی نووسیوە، بەڵام ئەمە یەکەم رۆمانیەتی چاپ دەکرێت. گوتیشی رۆمانەکە لەلایەن ناوەندی ئاشتی چاپ دەكرێ و رەنگە لە داهاتووشدا هاوكاری زیاتریان هەبێت و نووسەر زۆربەی بەرهەمەكانی لەوێ چاپ بكات.

لەبارەی کاتی بڵاوکردنەوەی کتێبەکەوە، بە نیازن لە رۆژی 21-10-2026 لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بڵاوی بکەنەوە و ئاشکرایکرد: "رۆمانەکە 574 لاپەڕەیە و بە تیراژی هەزار دانە لە چاپخانەی تاران و شاری تاران، چاپ دەکرێت.

ئوسامە جەمیل عەلی، 23ی کانوونی یەکەمی 1965 لەدایک بووە؛ سیاسەتڤان، نووسەر، ئەکتەر و دەرھێنەرێکی کوردە. لە ساڵی 1994 تاوەکو 2000 بەڕێوەبەری رادیۆ و تەلەفزیۆنی یەکگرتوو بووە.

لە ماوەی ساڵانی 2010 بۆ 2014 لەسەر لیستی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە. بەر لەوەش لە چەند کارێکی ھونەری وەک ئەکتەر، نووسەر و دەرھێنەر بەشداریی کردووە. لە ساڵی 2002، لە زنجیرەی تەلەڤیزیۆنیی مەمی ئالان بە رۆڵی میر ئێزدین دەرکەوت. 

ئێستا زۆربەی نووسینەكانی لە سۆشیال میدیا بڵاودەكاتەوە؛ نووسەر هەموو بەرهەمەكانی بە بنزاری هەولێرێ دەنووسێ و بڵاودەكاتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە