دۆناڵد ترەمپ: لە چوار مانگدا ئێرانمان گەڕاندەوە چەرخی بەردین
1 کاتژمێر پێش ئێستا
27 جار خوێنراوەتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشە نوێیەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران، بەتایبەتی ئەو توانایە سەربازییانەی تاران دەکەنە ئامانج کە پەیوەندییان بە تەنگەی هورمزەوە هەیە. ترەمپ گوتی، لە چوار مانگدا ئێرانیان بۆ چاخی بەردین گەڕاندووەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا بە کەناڵی نیووزماکسی راگەیاند، ئێستا ئەوان کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز دەکەن و وتی: "پێشتر وڵاتان لە ئێران دەترسان، بەڵام ئێستا زۆر کەمتر دەترسن، چونکە تواناکانیمان لەناوبردووە." ترەمپ هۆشداریشی دا، رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەگەرچی تاران دەتوانێت کێشە دروست بکات، بەڵام ئەمریکا بەتەواوی کۆنترۆڵی دۆخەکەی کردووە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەوکات لە ئێرانیان نەدابا "لەماوەی دوو بۆ چوار هەفتەی دیکە دەبووە خاوەن چەکی ئەتۆمی و ئیسرائیل دەسڕایەوە."
لەبارەی ناوی جەنگەکەوە ترەمپ وتی: "هەر ناوێکتان دەوێ لێی بنێن، من ناوی لێدەنێم، داماڵینی چەکی ئەتۆمیی ئێران و ئێران هێشتا مووشەک و هەندێک توانای ماوە.
لە لایەکی دیکەوە، مەترسییەکانی ئێران تەنیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەماونەتەوە. ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، لێکۆڵینەوە دەکەن لە ئەگەری بوونی درۆنی سەربازیی ئێرانی لە کوبا، کە زۆر نزیکە لە سنوورەکانی ئەمریکا. ترەمپ گوتی: "ئەگەر درۆنیان لەوێ هەبێت، کە زۆر ئەگەری هەیە هەیانبێت، ئەوا چارەسەری دەکەین و رێگە بەوە نادەین."
لە بەرامبەردا، سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی ئاگادارکردنەوەکانی ناوەندی چاودێریی ئاسایشی کەشتیوانییان پشتگوێ خستووە، دوو کەشتیی نەوتهەڵگری زەبەلاحی سەرپێچیکاریان لە تەنگەی هورمز کردووەتە ئامانج و لەکاریان خستوون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هاوکاریکردن لەگەڵ دووژمن لە تەنگەی هورمزدا، دەبێتە هۆی دواخستنی کردنەوەی تەنگەکە و قەیرانێکی وزەی جیهانی دروست دەکات."
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاندبوو، دوو کەشتیی نەوتهەڵگری نیشتمانییان لە رێڕۆی باشووری تەنگەی هورمز، لەنێو سنووری ئاویی عوماندا، بە دوو مووشەکی ئێرانی کراونەتە ئامانج.
|