پۆرتوگالییەکان بۆ رۆناڵدۆ: لەخۆباییبوونت نەوەی زێڕینی ئێمەی لەنێوبرد
1 کاتژمێر پێش ئێستا
38 جار خوێنراوەتەوە
کریستیانو رۆناڵدۆ دوای دەرچوونی شەرمەزارانەی پۆرتوگال لە جامی جیهانی 2026، جارێکی دیکە بووەوە بە جێگەی باس، ئەمجارەیان بابەتەکە بۆ ئەفسانە پۆرتوگالییەکە زۆر قورسە، کە ئێستا لە نێوان ئارەزووی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی شێوازی وازهێنانی و ئەو گوشارە میدیاییە بەردەوامانەی داوای لێدەکەن واز لە یاریی نێودەوڵەتی بهێنێت، گیری خواردووە.
لە دوای دەرچوونی شەرمەزارانەی پۆرتوگال لە پاڵەوانێتییەکە دوای شکستی 1-0 بەرامبەر ئیسپانیا لە قۆناخی 16، رۆژنامەنووسانی پۆرتوگال دەستیان کرد بە ئاراستەکردنی رەخنەی تووند بۆ کریستیانو رۆناڵدۆ. پێشتر لەبەر رێزگرتن لە مێژووە درەوشاوەکەی و بە ئومێدی بینینی گۆڵی یەکلاکەرەوە لێی بێدەنگ بوون، کە ئەمەش خەونێکی دوورەدەست بوو، هەروەها رەخنەیان لە رۆبێرتۆ مارتینێز دەگرت کە تۆمەتبار بوو بەوەی بەرپرسیارێتی ئاستی خراپی ئەستێرە هێرشبەرەکەی نەدەگرتە ئەستۆ.
فرانسیسکۆ فاز دی میراندا لە رۆژنامەی ئابۆلا گوتی "کریستیانو رۆناڵدۆ، ئێمە نامانەوێت تۆ بکوژین، بەڵام هەموو شتێک سنوورێکی هەیە. پێویستە کۆتایی بە دەسەڵاتی تۆ وەک کاپتن بهێنرێت کە زیاتر لە پێویست درێژەی کێشا. ئەگەر گۆڕانکاری لەسەر کورسیی یەدەگ پێویست بێت، ئەوا لە ناو یاریگاشدا بەهەمان شێوە پێویستە، کاتی ئەوە هاتووە کریستیانو رۆناڵدۆ بچێتە لاوە".
ئەو نووسەرە پۆرتوگالییە گوتیشی "وەک بینیمان، لەخۆباییبوونی رێگری لێدەکات ببێتە یەدەگی یاریزانێک کە ئێستا ئاستێکی ناوازە پێشکەش دەکات. ئەم پاڵەوانێتییە چۆن دەبوو بەبێ ئەم پابەندبوونە ناتەندروستە بە هەبوونی کریستیانو رۆناڵدۆ لە یاریگادا بۆ ماوەی 90 خولەک، ئەمە بۆ هەمیشە وەک نهێنییەک دەمێنێتەوە و تەنانەت دۆناڵد ترەمپیش ناتوانێت ئەوە بگۆڕێت".
بەڵام کێشەکە لێرەدایە کە کریستیانو رۆناڵدۆ هێشتا وازهێنانی نێودەوڵەتی رانەگەیاندووە، لە ناوچەی لێدوانە رۆژنامەڤانییەکان گوتی "هەست بە دڵتەنگی دەکەم کە بەم شێوەیە ماڵئاوایی لە جامی جیهانی دەکەین، بەڵام وەک دوێنێ لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتم، هەموو توانای خۆمم بەکارهێنا و بە ویژدانێکی ئاسودەوە دەڕۆم. ئەمە بێگومان دوایین مۆندیالی من بوو، بەڵام ئێستا کاتم دەبێت بۆ بیرکردنەوە و بەسەربردنی کات لەگەڵ خێزانەکەم. هیچ بڕیارێکی پەلە نادەم".
کاردانەوەکانی دوای یارییەکە کە گۆشەگیر بوو و هەندێک فرمێسکی لەگەڵدا بوو، بڕوای بە هەمووان نەهێنا، رۆژنامەی ئابۆلا پرسیاری کرد "ئەم هەموو فرمێسکە بۆ چییە کریس؟ فرمێسک بۆ پۆرتوگال؟"، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی دۆن زیاتر بۆ خۆی و داهاتووی دەگریا وەک لەوەی بۆ دەرچوونی وڵاتەکەی لە پاڵەوانێتییەکە بگریت".
بەهەمانشێوە، لێدوانەکانی دوای یارییەکە کە زیاتر جەختی لەسەر خۆی دەکردەوە وەک لە ئاستی لاوازی پۆرتوگال بەگشتی، سەرەڕای ئەوەی یەکێک بوون لە کاندیدەکان بۆ بردنەوە، جێگەی رەزامەندی رۆژنامەگەری پۆرتوگالی نەبوو، کە وایان دەبینی ئەو ئەستێرە تەمەن 41 ساڵە هێشتا خۆی دەخاتە سەرووی بەرژەوەندی نیشتمانییەوە.
چاوەڕوان دەکرێت خۆرخێ جیسۆس شوێنی رۆبێرتۆ مارتینێز بگرێتەوە، کە پێشتر لە یانەی نەسڕی سعودی راهێنەری براوەی 5 خەڵاتی تۆپی زێڕین بووە، بەڵام بعیدە جیسۆس هانی رۆناڵدۆ بدات بۆ وازهێنان، ئەگەر رۆناڵدۆ بڕیار بدات کە هێشتا شتی زیاتری هەیە بۆ پێشکەشکردن، ئەمەش پۆرتوگال دەخاتە بەردەم تەنگژەیەکی نوێ کە رەنگە ساڵانێکی زۆر بخایەنێت.
پرسیارە قورسەکان وەک خۆیان دەمێننەوە: ئایا کریستیانو رۆناڵدۆ بەویستی خۆی دەچێتە لاوە؟ یان راهێنەری داهاتوو بڕیارەکە دەدات؟ لە تەمەنی 41 ساڵیدا چارەنووسی پۆرتوگالی لە دەستدایە، بەڵام نەک بەو شێوەیەی کە خەونی پێوە دەبینی، چونکە رووبەڕووی هەڵبژاردنێکی ئازاربەخش بووەتەوە لە نێوان وازهێنان بە شکۆمەندییەوە یان بەردەوامبوون تاوەکو کەسێک ناچاری دەکات بڕوات.
بەم ئەنجامە، پۆرتوگال هەلێکی زێڕینی بۆ بردنەوەی جامی جیهانی لەدەستدا لەگەڵ یەکێک لە باشترین نەوەکانی مێژووی خۆی، لە کاتێکدا رۆناڵدۆ لە بەردەم رێیانێکی مێژووییدایە: یان ئەوەتا خۆی کۆتایی بە کاروانی نێودەوڵەتی خۆی دەهێنێت و پارێزگاری لەوەی ماوە لە مێژووەکەی دەکات، یان چاوەڕێ دەکات تاوەکو ئەو کۆتاییەی بۆ بنووسرێت لەسەر دەستی راهێنەرێک کە رەنگە ئازایەتی تەواوی نەبێت بۆ دوورخستنەوەی ئەفسانەیەکی زیندوو لە پێکهاتەی سەرەکی، لە دیمەنێکدا کە رەنگە ئازاربەخشر بێت لە دەرچوونە شەرمەزارکەرەکە بەرامبەر ئیسپانیا.
|