ئەلۆنسۆ لیستە رەشەکەی رادەستی پێرێز دەکات
19 کاتژمێر پێش ئێستا
143 جار خوێنراوەتەوە
چابی ئەلۆنسۆ، لیستێکی رەشی بەناوی 7 یاریزان ئامادەکردووە و داوەتە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید و داوای لێکردووە خۆی لێیان رزگاربکات و بیانخاتە بازاڕی گواستنەوە بۆ فرۆشتن، بۆ ئەوەی پێکهاتەی ریال مەدرید بنیات بنێتەوە، کە پێیوایە ئەوانە لەگەڵ پلانەکانیدا ناگونجێن و ناتوانێت سوودیان لێوەربگرێت.
کارلۆ ئەنچێلۆتی سەرپەرشتی دوایین یاریی ریال مەدرید دەکات کە لە دوایین گەڕی لالیگادا بەرامبەر ریال سۆسیداد ئەنجامی دەدات و دواتر دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل. چابی ئەلۆنسۆش ماڵئاوایی لە یانەی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی کردووە و لە یەکی مانگی دهاتوودا پۆستی راهێنەری ریال مەدرید وەردەگرێت، بەڵام وەک میدیاکانی نزیک لە ریال مەدرید باسی دەکەن، ئەلۆنسۆ دەستی بەکارەکانی کردووە و لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ کارگێڕیی یانەکە.
بەئەگەری زۆرەوە، لوکا مۆدریچ، رۆدریگۆ، ئالابا، ڤاییخۆ، ڤاسکێز، سیبایۆس و فێرلان مێندی سەردەمیان لەگەڵ ریال مەدرید کۆتاییهاتووە.
سەرەڕای ئەوەی زۆر باس لە گرێبەستەکانی وەک ترێنت ئەلێکساندەر ئارنۆڵد و دین هاوسن و ئەلڤارۆ کارێراس دەکرێت، بەڵام رۆڵی ئەلۆنسۆ وەک راهێنەری نوێی ریال مەدرید لە تەنیا گرێبەستکردن زیاترە، بەتایبەتی کە زۆر لە یاریزانەکانی پێکهاتەکە لە قۆناخی کۆتایی گرێبەستەکانیاندان.
دوێنێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کارلۆ ئەنچێلۆتی، گوتی "دەکرا وەک تیپێک ئاستێکی باشتر پێشکەش بکەین، بەڵام مەحاڵە هەڵسەنگاندن بۆ یاریزانانی وەک ڤالڤێردی، ڤینیسیۆس جونیۆر، رۆدریگۆ و کۆرتوا بکەین، هەرگیز رەخنە لەو یاریزانانە ناگرم کە لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا دڵخۆشییەکی وایان پێبەخشیوم، بۆ من هەمیشە باشترین دەبن، تەنانەت ئەگەر هەندێکجاریش لە باشترین ئاستی خۆیاندا شکستبهێنن". ئەم لێدوانە بەڕوونی ئەو ئاڵنگارییە دەردەخات کە راهێنەری ئیتاڵی رووبەڕووی بووەتەوە لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری گەورە لە تیپەکەدا.
سەبارەت بەو یاریزانانەی کە ئەگەری هەیە ناویان لە لیستە رەشەکەی ئەلۆنسۆدا بێت و لە پێکهاتەی چابی ئەلۆنسۆ دووربخرێنەوە، کە راهێنەرە نوێیەکە سەرکردایەتی تیپەکەی دەکات لە مۆندیالی یانەکاندا، بریتین لە لوکاس ڤاسکێز، لۆکا مۆدریچ، خیسۆس ڤاییخۆ، رۆدریگۆ گۆس، دەیڤد ئالابا، فێرلاند مێندی و دانی سیبایۆس.
سەرەڕای ئەوەش رۆیشتنی هەموو ئەو یاریزانانە 100٪ نییە و بەردەوامی یان رۆیشتنی ئەوان بەندە بەو دەستەوارانەی کە بۆ ئەوان پێشکەشی ریال مەدرید دەکرێن، هەروەها تا چەند لەگەڵ بیرۆکە و شێوازی یاریکردنی چابی ئەلۆنسۆ دەگونجێن، چونکە ئەو راهێنەرە هێشتا بڕیاری نەداوە کە ئایا پابەند دەبێت بەشێوازی یاریکردنی بایەرلیڤەرکوزنەوە، یان پشت بە شێوازی ناسراوی کارلۆ ئەنچێلۆتی دەبەستێت کە بریتییە لە پلانی 1-4-3-3.
|