شەهرام نازری دوای 18 ساڵ بەشێک لە 'شانامەی کوردی 2' بڵاودەکاتەوە

15   کاتژمێر پێش ئێستا  68 جار خوێنراوەتەوە

"شانامەی کوردی 2 – رۆستەم و زۆراب" ئەلبوومێکی شەهرام نازری، هونەرمەندی ناسراوی کوردە و لە ئامادەکردنی هونەرمەند فەرید ئیلهامییە، دوای 18 ساڵ لە تۆمارکردنی، بەشێکی بۆ رووداو نێردراوە.
 
فەرید ئیلهامی، هونەرمەند و سەرپەرشتیاری ماڵی تەنبوور، رایگەیاند، "شانامەی کوردی 2- رۆستەم و زۆراب" بەر لە 18 ساڵ تۆمارکراوە و تاوەکو ئێستا بڵاونەکراوەتەوە، هۆکارەکەی نەبوونی سپۆنسەر بووە.
 
ٸیلهامی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی ئایاری 2025، تەنیا 40 چرکەی بڵاودەکرێتەوە. گوتیشی، کاری ئاواز و میوزیکی "شانامەی کوردی 2" لەلایەن ئەو ئامادەکراوە، بۆ ئەم ئەلبوومە، سوودی لە 24 مەقامی یارسان و ئامێری تەمیرە وەرگرتووە.
 
شەهرام نازری، لە 1949 لە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، لە نێو ماڵباتێکی هونەریدا لە دایکبووە، پێشەنگی ماڵباتەکەیان لەو بوارەدا حاجی خانی نازری بووە کە زۆربەی هونەرمەندانی کرماشانی فێری میوزیک کردووە.
 
نازری، لە منداڵییەوە هۆگری هونەر بووە و لە تەمەنی نۆ ساڵیدا یەکەم بەرنامەی هونەریی لە رادیۆ کرماشان بەئامێری تار نەمر پێشکەشکردوو، لە 11 ساڵیدا لە رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران چەند بەرنامەیەکی هونەری بەڕێوەبردووە و لەلایەن ژمارەیەک لە هونەرمەندانی ناسراو وانەی وەرگرتووە، زیاتر لە 50 ئەلبوومی گۆرانی بەرهەمهێناوە و لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا کۆنسێرتی سازکردووە.
 
نازری، چەندین خەڵاتی پێشکێشکراوە، لەوانە شوالیەی فەرەنسی لەلایەن حکومەتی فەرەنساوە، خەڵاتی میراتی كولتووری رۆژئاوا لەلایەن رێكخراوی ئاسیا سۆسایتی كە بان كی مۆن، سكرتێری پێشووی یو ئێن خەڵاتەكەی پێبەخشی و میدالیای زێڕینی مەولانا لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی توركیا و چەندین خەڵاتی دیکەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی.
 
فەرید ئیلهامی ، ئاوازدانەر، توێژەر و ژەنیاری ئامێری تەنبوورە، دەرهینەری هەردوو بەڵگەفیلمی "تەمیره" و "هۆنیاوانانی چیا پیرۆزەکان"ـی سەبارەت بە مێژووی ئامێری رەسەنی کوردی تەمیره سازکردووە، دامەزرێنەری ماڵی تەمیرەیە لە هەولێر.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە