راگەیێنراوی یانەی دهۆک لەبارەی سزادانی مەسعود میراڵەوە

2025-05-20  195 جار خوێنراوەتەوە

یانەی دهۆک راگەیێنراوێکی فەرمیی لەبارەی سزادانی مەسعود میراڵ، راهێنەری یانەکەی بڵاوکردەوە و دەڵێت تانە لە بڕیاری سزادانی راهێنەرەکە دەدەین.
 
یانەی دهۆک لە راگەیێنراوێکدا لەبارەی سزادانی میراڵەوە دەڵێت "ئێمە وەکو کارگێڕیی یانەی دهۆک رێز لە بڕیاری یەکێتی تۆپی پێی عێراق و هەموو لیژنەکانی دەگرین، بەڵام ئەوەی لە یاریی دهۆک و تەڵەبەدا لە یاریگەدا روویدا ئەنجامی یەک یاری نەبوو، بەڵکو کۆبوونەوە هەموو ئەو کار و بڕیارە هەڵانە بوو کە لە ژمارەیەک یارییدا بەرامبەر راهێنەری یانەکەمان هاتنە پێشەوە و لەم یارییەدا ئەو گڕکانەی لە دڵی کاپتن مەسعوددابوو تەقییەوە و ئەوە روویدا کە کەس پێشبینی نەدەکرد."
 
یانەی دهۆک لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەیدا دەڵێت "ئێمە هەست بە ئازار و نەخۆشییەکانی کاپتن مەسعود دەکەین، بەرگریی لێدەکەین و لە هەمان کاتیشدا ئێمە لەگەڵ ئەوەنین هەڵە رووبدات و هەڵە بە هەڵە چارەسەر ناکرێت، سبەی لیژنەی تانە لێدان تانە لە بڕیاری سزادانەکەی دەدەین چونکە پێمانوایە سزایەکەی زۆر زۆر تووندە و دوای یارییەکەمان بەرامبەر یانەی شورتە لە هەفتەی داهاتوودا وەکو کارگێڕیی یانەکە بڕیارێک دەدەین، بەڵام لە ئێستاوە تاوەکو ئەو کاتە مەسعود میراڵ راهێنەری ئێمەیە و سەرپەرشتی تیپەکە دەکات و کارگێڕیی دهۆک لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ دەکات.
 
ئەم راگەێنراوەی یانەی دهۆک لەکاتێکدایە ئەمڕۆ لیژنەی رێکاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق راگەیێنراوێکی لەبارەی رووداوەکانی یاریی دهۆک و تەڵەبە بڵاوکردەوە و لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، مەسعود میراڵ، راهێنەری دهۆک بۆ 6 مانگ لە یاوەریکردنی یانەکە رادەگیرێت و رێگەی پێنادرێت بچێتە هیچ یاریگەیەک و بەشداریی لە هیچ چالاکییەکی وەرزشیدا بکات، جگە لەوەش بەپێبژاردنی 25 ملیۆن دینار سزادەدرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە