بارسێلۆنا 100٪ یەکێک لە گرنگترین گرێبەستەکان لەمێژووی خۆیدا دەکات
15 کاتژمێر پێش ئێستا
100 جار خوێنراوەتەوە
بارسێلۆنا ئامادەکاری دەکات بۆ گڕبەردانە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانی ئەم هاوینە و یەکێک لە بەهێزترین گرێبەستەکانی مێژووی خۆی ئەنجام دەدات، کە بریتییە لە نوێکردنەوەی گرێبەستی لامین یامال و هێشتنەوەی لە ریزەکانی خۆیدا.
دوای وەرزێکی مێژوویی کە تیپەکە سێ نازناوی سەرنجڕاکێشی ناوخۆیی بەدەستهێنا، هەریەک لە لالیگا، جامی شا و جامی سوپەری ئیسپانیا، بارسێلۆنا بە ئاواتێکی گەورەتر و ئاواتە نوێیەکانی ئەورووپا دەچێتە ناو مێرکاتۆی هاوینەی داهاتووەوە، چونکە سەرکەوتنی ناوخۆیی هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ گەڕانەوە بۆ لووتکە، بەڵام ئامانجی داهاتووی روونە و بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگە.
یانە کەتەلۆنییەکە بەسەرۆکایەتی خوان لاپۆرتا، هەوڵدەدات مەرجەکانی هانزی فلیکی راهێنەرە ئەڵمانییەکە جێبەجێبکات لەڕێگەی بەهێزکردنی ریزەکانی بە هێنانی چەند یاریزانانێکی نوێ کە توانای بەرزکردنەوەی کوالێتی تیپەکە و رکابەریکردن لە بەرزترین ئاستەکانیاندا هەیە، چونکە بارسێلۆنا دەزانێت کە پاراستنی سەرکەوتن پێویستی بەکاری بەردەوام و پلاندانانی زیرەکانە لە بازاڕی گواستنەوە هەیە، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو ئاستەنگە سەختانەی کە لەپێشیدان.
دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا دووپاتیکردەوە کە هیچ کێشەیەک لەبارەی گرێبەستە نوێیەکەی لامین یامال لەگەڵ یانەکەیدا نییە و دەیانەوێت رایبگەینن.
بارسێلۆنا چاوەڕێی ئەوە دەکات لە مانگی تەمموزی داهاتوودا لامین یامال تەمەنی ببێتە 18 ساڵ، بەدیاریکراویش لە 15ـی7ـی2025، بۆ ئەوەی بتوانێت گرێبەستەکەی درێژ بکاتەوە.
لامینی یامال تەمەن 17 ساڵ لەم وەرزەدا بە ئاستە ناوازەکانی سەرنجی هەمووانی راکێشاوە، هەر ئەمەش وایکردووە هاندەرانی بارسا ترسیان لەوە هەیە ئەو یاریزانە درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی رەتبکاتەوە و بچێتە تیپێکی دیکە، بەتایبەتی کە هەموو یانە گەورەکانی ئەورووپا ئامادەن بە گرێبەستی گرانبەها بیبەنە ریزەکانیان.
پرسیار لە دیکۆ کرا سەبارەت بە گرێبەستە نوێیەکەی لامین یامال و هەڵوێستی یاریزانەکە سەبارەت بە بەردەوامبوون؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "هیچ کێشەیەک سەبارەت بە گرێبەستە نوێیەکەی لامین یامال دروست نابێت و لە 15ـی تەمموزدا رادەگەیێنرێت".
پێشبینی دەکرێت بارسێلۆنا دەستەوارەیەکی گەورە پێشکەشی لامین یامال بکات و مووچەیەکی گەورە پێی بدات، چونکە وەک داهاتووی یانەکە سەیر دەکرێت.
|