بۆ یەکەمجار فۆتۆگرافەرێکی کورد خەڵاتی 'وۆرڵد پرێس فۆتۆ' وەردەگرێت
16 کاتژمێر پێش ئێستا
71 جار خوێنراوەتەوە
لە مێژووی 70 ساڵەی خەڵاتی "وۆرڵد پرێس فۆتۆ"، بۆ یەکەمجار فۆتۆگرافەرێکی کورد ئەو خەڵاتە لە رێگەی چیرۆکی کۆڵبەرە کوردەکانەوە وەردەگرێت، ئەویش فۆتۆگرافەر ئیبراهیم عەلیپوورە.
ئیبراهیم عەلیپوور، فۆتۆگرافەری کورد رایگەیاند، خەڵاتەکە لە چەند بەشێکدا دابەش دەکرێت، یەکێک لەوانە بەشی پڕۆژە درێژخایەنەکانە و خەڵاتەکە بەو بەخشراوە. گوتیشی، پڕۆژەکەی چیرۆکێکی وێنەییە لەبارەی کۆڵبەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان. هەشت ساڵ کاری لەسەر کردووە و لە 30 وێنەدا چیرۆکەکەی خستووەتەڕوو، تێیدا کار و سەختی ژیانی کۆڵبەرە کوردەکان لە سەر سنوور دەخاتەڕوو.
چالاکییەکانی خەڵاتی "وۆرڵد پرێس فۆتۆ" لە 14ـی ئایاری 2025 لە ئەمستردام دەستیپێکرد و تاوەکو سبەی سێشەممە 20ـی ئایار چالاکییەکانی بەردەوام دبێت، بڕیارە وێنە بەشداربووەکانی پێشبڕکێیەکە لە چوارچێوەی پێشانگەیەکی گەڕۆک لە 144 وڵات بخرێنەڕوو.
عەلیپوور، ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە پێشانگەکەدا سەت وێنەی دەخرێنەڕوو و لەو 30 وێنەیەی ئەو، 10 دانەی هەڵبژێردراون و لە پێشانگەکەدا دەخرێنەڕوو، پێشبینی دەکرێت چوار ملیۆن کەس سەردانی پێشانگەکە بکەن، ساڵی رابردوو سێ ملیۆن و 500 هەزار کەس سەردانیان کردووە.
ئیبراهیم عەلیپوور، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەپێی لیژنەی دادوەریی پێشبڕکێیەکە، بەخشینی خەڵاتەکە بەو، بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە چیرۆکەکەی کەم بینراو و گوتراوە و گرنگە، هەروەها پڕۆژەیەکی سەختە.
"وۆرڵد پرێس فۆتۆ" و 'خەڵاتی پۆڵیتزەر"، بە دوو گرنگرتین خەڵات لە بواری وێنەی رۆژنامەوانی لە جیهاندا دەناسرێن.
خەڵاتەکە لەلایەن دامەزراوەی جیهانیی بۆ وێنەی رۆژنامەوانی دەبەخشرێت کە لە 1955 لە ئەمستردامی هۆڵەندا دامەزراوە.
|