دواجار یەکێتی بە فەرمی پڕۆژەی روناکی و هەژماری منی پەسەند کرد

5   کاتژمێر پێش ئێستا  33 جار خوێنراوەتەوە

سەڕەرای نیگەرانییەکان یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە فەرمی دانی بە پڕۆژەی هەژماری من و پرۆژەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری ناو رایگەیاند بە هەردوو پرۆژەکە ڕازییە.

 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت و کەسی دووەمی ناو یەکێتی بە فەرمی دانی بەوەدانا هەردوو پڕۆژەکەیان پەسەند کردووە.

ئەم وتانەی قوباد تاڵەبانی لەکاتێکدان، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا وەک کەرەستەی بانگەشە، پڕۆژەی هەژماری منیان رەتکردەوە و داوای تەوتین کردنی حکوومەتی فیدڕاڵییان کرد.

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد، هەژماری من دەخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە و لە سنوورەکەیان جێبەجێ دەکرێت، لە کاتێکدا لە ساتەوەختی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا پڕۆژەکەیان راگرتبوو و ئۆفیسەکانیان لە سنووری زۆنی سەوز داخست.

پێشتر وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێم رایگەیاندبوو بەمزوانە دابەشکردنی مووچە لە رێگەی کاشەوە رادەگیرێت و تەنیا لە رێگەی بانکەوە دەدرێتە فەرمانبەران.

هاوکات بەهۆی پەسەند کردنی نرخی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەنگی ناڕەزایەتی لەناو هاووڵاتیان بەرزبووەتەوە و ئامادەکاری بۆ خۆپیشاندان دژی پڕۆژەکە دەکرێت.

بەڵام قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت وتی پرۆژەکەیان پەسەند کردووە و لەلایەن وەزیرەکانیانەوە دەنگی پێدراوە.

نرخی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییەکە بە ئەندازەیەک زیادکراوە کە لە قۆناغی سەرەتادا دەگاتە سەدا ٥٠٠ و لە قۆناغەکانی کۆتاییدا تا سەدا هەزار زیاتر دەگات.

لە بارەی پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت زانیارییەکی نوێی نەدا و تەنیا باسی لە بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی کرد.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا قوباد تاڵەبانی وەڵامی لێدوانەکانی مەسعود بارزانی دایەوە کە وتی حکوومەتێک پێک ناهێنن لەگەڵ یەکێتی پەنجا بە پەنجا بێت.

 قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد بە بیری نایەت کابینەیەک پێک هاتبێت لەسەر بنەمای پەنجا بە پەنجا بووبێت.

لێدوانەکانی بارزانی لەسەر پێکهێنانی حکوومەت لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کراو کاردانەوەی زۆری دروستکرد بەڵام قوباد تاڵەبانی سەرسوڕمانی خۆی لەو لێدوانانە نیشاندا.

هەروەها ئەو زانیاریانەی پشتڕاستکردەوە کە پارتی و یەکێتی لە هەڵبژاردنەکاندا بە لیستی جیا بەشداری دەکەن و پڕۆژەی لیستی هاوبەش شکستی هێناوە کە پێشتر لەلایەن حیزبەکەیەوە خرابوویەڕوو.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە