یانەی بارسێلۆنا گرێبەستی هانسی فلیک تاوەکو 2027 درێژدەکاتەوە
16 کاتژمێر پێش ئێستا
71 جار خوێنراوەتەوە
چاوەڕواندەکرێت یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەفەرمی رۆژی چوارشەممە درێژکردنەوەی گرێبەستی هانسی فلیکی راهێنەری یانەکەی رابگەیەنێت.
فلیک لەم وەرزەدا پەیوەندی بە یانەی بارسێلۆناوە کردووە و لەگەڵ یانەکە توانیویەتی سێ نازناو بەدەستبهێنێت، ئەوانیش: لالیگا، کۆپا دێل رەی و سوپەری ئیسپانیا.
بەهۆی ئەم سەرکەوتنانەوە، یانەکە بڕیاریانداوە تاوەکو 2027 فلیک وەکو راهێنەری یانەکە بهێڵنەوە.
دوای یاریی کلاسیکۆ لە 11ی مانگ، فلیک و بەڕێوەبەری کارەکانی لەگەڵ خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە لە چێشتخانەیەک لە بارسێلۆنا کۆبوونەتەوە. لەوێ لەسەر تەواوی وردەکارییەکانی گرێبەستە نوێیەکە رێککەوتن. سەرەتا بڕیاربوو گرێبەستەکەی لە 2026 کۆتایی بێت.
یانەکە ئەم هەواڵە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بڵاودەکاتەوە، بەڵام کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ئەنجام نادەن. لەجیاتی ئەوە، وێنە و قسەکانی فلیک لەڕێگەی میدیای خۆیانەوە بڵاودەکەنەوە.
فلیک لەوبارەیەوە دەڵێت: "ئەم گەشتە تازە دەستیپێکردووە، ساڵی داهاتوو بەدەستهێنانی نازناوی زیاترمان دەوێت".
سەرەڕای ئەوەی یانەکە دەیویست تەنیا ساڵێک بۆ گرێبەستەکەی زیادبکات، بەڵام فلیک پێیباشتربوو کە دوو ساڵ گرێبەستەکەی نوێبکرێتەوە.
ئەم گرێبەستە نوێیە ئەوە دەردەخات کە فلیک و یانەکە هەردوولا دڵخۆشن بەو ئاستەی کە تاوەکو ئێستا پێشکەشیانکردووە و چاوەڕێی ئەوە دەکەن پێکەوە سەرکەوتنی زیاتر بەدەستبهێنن.
|