خواردنەوەی قاوە پەیوەندی بە فشاری دەروونی و خەمبارییەوە چییە؟
1 کاتژمێر پێش ئێستا
52 جار خوێنراوەتەوە
توێژینەوەیەک لە زانکۆی کۆرک لە ئێرلاند رایگەیاند، هەردوو جۆری قاوەی کافایندار و بێ کافاین پەیوەندییان بە کەمبوونەوەی گوشاری دەروونی و خەمباری هەیە.
پڕۆفیسۆر د. جۆن کریان، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە لە لە زانکۆی کۆرک رایگەیاند: "قاوە زیاترە لە تەنیا کافاین؛ هۆکارێکی خۆراکیی ئاڵۆزە کە کارلێک لەگەڵ میکرۆبەکانی هەناو، زیندەچالاکی و تەنانەت تەندروستیی سۆزداریمان دەکات. دەرەنجامەکانمان دەریدەخەن کە قاوە، جا چ کافاینی تێدابێت یان نا، دەتوانێت بە شێوازی جیاواز کاریگەری لەسەر تەندروستی هەبێت''.
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە، هەردوو جۆری قاوەی کافایندار و بێ کافاین پەیوەندییان بە گۆڕانکاری لە مایکرۆبایۆمی هەناو و هەروەها جیاوازی لە کەیف و گوشاردا هەبووە.
یەکێک لە دەرەنجامە سەرنجڕاکێشەکان ئەوە بوو کە قاوەی کافایندار و بێ کافاین بە هەمان شێوە کاریگەرییان لەسەر بەشداربووان نەبووە. باشتربوونی فێربوون و یادەوەری تەنیا لەنێو ئەو بەشداربووانەدا بینرا کە قاوەی بێ کافاینیان دەخواردەوە. ئەو دەرەنجامە ئەوە دەردەخات کە رەنگە مادەی دیکە جگە لە کافاین بەشداری لە هەندێک کاریگەریی قاوە لەسەر ژیریدا بکەن.
لە بەرامبەردا قاوەی کافایندار پەیوەندیی بە کەمبوونەوەی هەستی دڵەڕاوکێ و باشتربوونی وریایی و سەرنجەوە هەبوو. کافاین هەروەها پەیوەندیی بە کەمبوونەوەی مەترسیی هەوکردنەوە هەبوو.
|