بۆچی جەڵتەی دڵ لەنێو گەنجاندا روو لە زیادبوونە؟
2 کاتژمێر پێش ئێستا
33 جار خوێنراوەتەوە
دامەزراوەی دڵ لە ئەمریکا هۆشداری دەداتە وڵاتانی جیهان کە ئاگایان لە گەنجانیان بێت و ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی مردنیان، کۆنتڕۆڵ بکەن. بۆ ئەمەش کەمکردنەوەی فرۆشتنی خۆراکە خێراکان و باشترکردنی دەروونیان بە گرنگ دادەنێن.
توێژینەوەیەکی توێژینەوەکانی دامەزراوەی دڵ لە ئەمریکا دەریدەخات، رێژەی مردن بە رێژەی 1.2٪ لەنێو ئەو کەسە پێگەیشتووانەدا زیادی کردووە کە تەمەنیان لە خوار 55 ساڵەوە بووە و لەنێوان ساڵانی 2011 بۆ 2022 بەهۆی یەکەم جەڵتەی تووندی دڵەوە لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
لێکۆڵینەوەکە لە نزیکەی 1 ملیۆن حاڵەتی خەواندن لە نەخۆشخانە لەنێوان ساڵانی 2011-2022 بۆ کەسانی پێگەیشتووی ئەمریکی لە تەمەنی 18-54 ساڵیدا دەریخست و دەرکەوتووە؛ پیاوان زیاتر بەهۆی لێکەوتەکانی جەڵتەی تووندی دڵەوە گیانیان لەدەستداوە بەراورد بە خانمان.
د. مۆهان ساتیچ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ئێمە زۆرجار پێمانوایە جەڵتەی دڵ کێشەی کەسانی بەساڵاچووە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەردەخەن، گەنجانی پێگەیشتوو مەترسیی جیدییان لەسەرە بەتایبەت لەم سەردەمەی ئێستا.
بۆچی گەنجان تووشی جەڵتەی دڵ دەبن؟
* کێشانی جگەرە و نێرگەلە
* گوشاری دەروونی
* ناڕێکیی خەو
* خۆراکی ناتەندروست
* نەخۆشییە درێژخایێنەکان
* قەڵەوی
* بۆماوە
دامەزراوەی دڵ لە ئەمریکا دەڵێ کە لە ماڵەوە تاوەکو پشکنینی هێڵکاریی دڵ پێویستە 10 خولەک بێت و لە ماڵەوە تاوەکو ئەنجامدانی قەستەرە بۆ کەسی تووشبووی جەڵتەی دڵ پێویستە 90 خولەک بێت، چونکە ''خولەکێک دواکەوتن لە بووژانەوەی دڵ، 10٪ چانسی ژیان کەم دەبێتەوە''.
نیشانەکانی جەڵتەی دڵ:
* سنگئێشە
* ئازاری شان و قۆڵی چەپ
* هێڵنج و رشانەوە
* ئارەقکردن و ساردبوونی پێست
* هەناسەتەنگی
* ناڕێکیی لێدانی دڵ
هۆکاری جەڵتەی دڵ:
بەهۆی گیرانی خوێنبەرەکانی دڵ خوێن بۆ دیوارێکی دڵ ناچێت، خانەکانی ماسوولکەی دڵ دەمرن و دڵ فەرمنای ئاسایی خۆیان لەدەستدەدەن.
ئەوانەی مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵتە زۆرە:
* پیاوان
* جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشەکان
* تووشبووانی بەرزەپەستانی خوێن
* قەڵەو و کێشزۆر
* کەمجووڵە
* ئەوانەی تووشبووی جەڵتە و نەخۆشییەکانی دڵ لە خێزانەکانیان هەیە
* تووشبووی شەکرە و بەرزەچەوری
شکار ڕێبوار
|