10 خولەک راکردنی هێواش چی لە دەروونی مرۆڤ دەکات؟

3   کاتژمێر پێش ئێستا  59 جار خوێنراوەتەوە

توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکی دەریخستووە، ئەنجامدانی راکردنی هێواش و ئاسان تەنیا بۆ ماوەی 10 خولەک، بەسە بۆ ئەوەی باری دەروونیی مرۆڤ باشتر بکات و توانای سەرنجدان و بڕیاردانی مێشک تیژتر بکاتەوە، بێ ئەوەی کەسەکە تووشی ماندووبوونی زۆر یان هەناسەتەنگی ببێت.

توێژینەوەکە لەلایەن زانکۆی تسوکوبا لە ژاپۆن کراوە و لە گۆڤاری پزیشکیی (Imaging Neuroscience) بڵاوکراوەتەوە. توێژەران تاقیکردنەوەیان لەسەر 24 گەنجی تەندروست کردووە کە بۆ ماوەی 10 خولەک لەسەر ئامێری راکردن (ترێدمیڵ) بەخێراییەکی کەم و هێواش رایانکردووە.

ئەنجامەکان دەریانخستووە، ئەو جووڵە ئاسانە دەبێتە هۆی چالاکبوونی بەشی پێشەوەی توێکڵی مێشک، کە بەرپرسە لە بڕیاردان، ڕێکخستنی کارەکان و کۆنترۆڵکردنی بیرکردنەوە و ئارامگری. هەروەها دەرکەوتووە جووڵەی سەر بۆ سەرەوە و خوارەوە لە کاتی راکردنەکەدا، هۆکارێکی دیکەیە بۆ دەردانی هۆرمۆنەکان و هەستکردن بە دڵخۆشیی زیاتر.

لەبارەی خێرایی و کاریگەریی وەرزشەکەوە، لە توێژینەوەکەدا هاتوو: "خێرایی راکردنەکە لەنێوان 3 بۆ 6 کیلۆمەتر بووە لە کاژێرێکدا، بە شێوەیەک لێدانی دڵی بەشداربووان لە 107 لێدان لە خولەکێکدا تێپەڕی نەکردووە؛ ئەمەش رێگە دەدات کەسەکە لە کاتی وەرزشکردنەکەدا بە ئاسانی قسە بکات. سوودەکانی ئەم وەرزشە کورتە بۆ مێشک، تەنانەت دوای ئاساییبوونەوەی لێدانی دڵیش بەردەوام دەبن."

توێژینەوەکە ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم چالاکییە کورتە رێڕەوەکانی هۆرمۆنی دۆپامین و نۆر ئەدرینالین لە مێشکدا چالاک دەکات و وزەیەکی زۆر بە جەستە دەبەخشێت، بەڵام پزیشکان جەخت دەکەنەوە کاریگەریی ئەم وەرزشە کاتییە و ناوبەناوە، بۆیە نابێتە جێگرەوەی سەرەکیی چارەسەرە پزیشکییەکان بۆ ئەو کەسانەی تووشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێی توند بوون.

شارەزایانی تەندروستی رێنمایی دەدەن کە هاووڵاتییان پێش دەستپێکردنی کارە قورسەکانی رۆژانەیان، بۆ ماوەی 10 خولەک پیاسە بڕوات و ناوبەناو بۆ 30 چرکە رابکەن تاوەکو مێشکیان چالاک ببێتەوە. هاوکات جەخت دەکەنەوە کە تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرە و ئەوانەی کێشەی جومگەکانیان هەیە، پێویستە پێش ئەنجامدانی هەر وەرزشێک راوێژ بە پزیشکی تایبەتمەند بکن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە