قالیباف: سەردەمی هەڕەشەکردن لە ئێران نەماوە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  33 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، پێویستە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە ئەو راستییە بزانن کە لەو ناوچەیەی ئێران نەوت نەفرۆشێت، هیچ وڵاتێکی دیکە نەوت نافرۆشێت.

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە وەڵامی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی گەرووی هورمز و هاتوچۆی کەشتییەکان، ئەو قسانەی بە قسەی زل وەسف کرد. قالیباف گوتی، ئەو جۆرە لێدوانانە تەنیا دووپاتکردنەوەی بانگەشە کۆنەکانن و راستیی ئەو هەڵوێستانە بۆ هەمووان ئاشکرایە.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختیکردەوە: "وەک پێشتر وتوومانە، ئەگەر ئاسایشی ئێمە دابین نەکرێت، هیچ ژێرخانێک ئاسایش و سەلامەتیی نابێت".

قالیباف روونیکردەوە، نەتەوەیەک کە خاوەنی مێژوویەکی درەوشاوە و ریشەدارە، هەرگیز بە گەمارۆ و هەڕەشە ناترێت. قالیباف هۆشداریدا، ئەگەر دەزگای ژمێریاریی ئەمریکا لەم راستییە بنەماییە تێنەگات، ئەوا هەر لە چەرخەی وەرگرتنی زللەی قورس لەلایەن گەلی ئێرانەوە دەمێنێتەوە.

قالیباف هەڵوێستەکانی سەرۆکی ئەمریکای لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سووک وەسف کرد و رایگەیاند: "ئەو جۆرە رەفتارانە بەرامبەر بە گەلی ئێران نیشانەی ئەوەیە ئەوان هێشتا رەفتاری خۆیان نەگۆڕیوە". لە بەرامبەر ئەو جۆرە دەستدرێژییانەدا، وەڵامی ئێران هەمان قسەی رابردووە "فەرموون بزانم چیتان پێدەکرێت".

قالیباف جەختیکردەوە، ئەمریکییەکان با بزانن سەردەمی هەڕەشە و تۆقاندن بۆ لەناوبردنی ئەم نەتەوە شارستانییە کۆتایی هاتووە. سەرانی کۆشکی سپی دەبێت بزانن گەلی ئێران بە هەڕەشە، قسەی زل یان گەمارۆی ئاسمانی و بازرگانی پاشەکشە ناکات و وەڵامی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەر دەستدرێژی و سەرکێشییەک، وەڵامێکی توند، پەشیمانکەرەوە، ورد و خێرا دەبێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە