ئەمریکا کشانەوەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەواوکرد
1 کاتژمێر پێش ئێستا
58 جار خوێنراوەتەوە
سوپای ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رۆژی چوارشەممە کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان راگەیاند، بەمەش کۆتایی بە ئەرکێکی سەربازیی 12 ساڵەی شەڕی دژی داعش هات؛ لە کاتێکدا حکومەتی بەغدا ئەم رۆژەی وەک "رۆژی سەروەری" ناوزەند کرد و ئاهەنگی گێڕا، هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی لە کشانەوەی هێزەکان بەبێ دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەربڕی.
شۆن پارنێڵ، وتەبێژی سەرەکیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هێزەکان و کەرەستە سەربازییەکانی ئەمریکا "کشانەوەیەکی رێکوپێک"یان لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر تەواوکردووە، کە دواین بنکەی ئاسمانی بوو هێزەکانی هاوپەیمانانی لێ مابووەوە.
وتیشی: "ئەم وەرچەرخانە رەنگدانەوەی سەرکەوتنی هەڵمەتێکی 12 ساڵەیە کە تێیدا داعش وەک هەڕەشەیەکی سەربازیی رێکخراو لە عێراق و سەرتاسەری ناوچەکەدا تێکشکێندرا؛ هەروەها دەستپێکی قۆناخی گواستنەوەیە لە ئەرکێکی هاوپەیمانیی سەردەمی جەنگەوە بۆ هەوڵێکی ئەمنی بە سەرکردایەتیی عێراق خۆی، کە لە رێگەی پەیوەندییەکی ئەمنیی دووقۆڵیی ئاساییەوە پشتیوانیی لێدەکرێت."
سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە 30ـی ئەیلوولی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە بەغدا سەرپەرشتیی ئاهەنگێکی فەرمیی کرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، کە بە ئامادەبوونی فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان و سەرکردە سەربازی و ئەمنییەکانی عێراق بەڕێوەچوو.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وتارێکدا ئەم رۆژەی بە "رۆژی سەروەری" ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە عێراق ئەمڕۆ بەرهەمی قوربانیدان و هەوڵی قارەمانانەی چەندین ساڵەی دەزگا ئەمنییەکانی دەدوورێتەوە.
زەیدی لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر چەند خاڵێکی سەرەکی:
·کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان بە مانای کۆتاییهاتنی شەڕی دژی تیرۆر نایەت، بەڵکو گواستنەوەی عێراقە بۆ قۆناخێک کە تێیدا بەرپرسیارێتیی تەواوی ئاسایش و سەقامگیریی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.
·ئەرکەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەگوازرێنەوە بۆ نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان لەژێر دەسەڵاتی باڵای دەوڵەتدا.
·قۆناغێکی نوێ بە ناونیشانی سەروەریی عێراق، بەهێزیی دامەزراوەکان و ئامادەیی هێزە چەکدارەکان دەستیپێکردووە.
·هاوکاریی ئەمنی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان بەردەوام دەبێت و کار لەسەر بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا و توانستە دیجیتاڵییەکان دەکرێت لە خزمەت ئاسایشدا.
·"هیچ چەکێک لە دەرەوەی چەتری یاسا و هیچ هێزێک لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا نابێت، بەپێی ئەوەی دەستوور و مەرجەعییەت و گەل داوای دەکەن."
|