وەزارەتی پەروەردە لەبارەی دەوام مەرج بۆ پەیمانگە ناحکومییەکان دادەنێت
1 کاتژمێر پێش ئێستا
42 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند ڕێکارێکی تووند بەسەر پەیمانگە ناحکومییەکاندا دەسەپێنێت و سیستەمی پەنجەمۆر بۆ تۆمارکردنی ئامادەبوونی قوتابییان دەکاتە مەرج.
بەپێی فەرمانێکی نوێی وەزاری کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دەرچووە، گشت پەیمانگە ناحکومییەکان پابەند دەکرێن بە جێبەجێکردنی سیستەمی پەنجەمۆر بۆ تۆمارکردنی ئامادەبوون و نەبوونی قوتابییان لە ڕۆژانی دەوامدا و دەبێت تۆمارێکی دروست بۆ ئەم مەبەستە هەبێت.
لە فەرمانەکەی وەزارەتی پەروەردەدا سەبارەت بە دەوامی قوتابییان هاتووە: هەر قوتابییەک لە ساڵێکی خوێندندا زیاتر لە 25 ڕۆژ ئامادەبوونی تەواوی نەبێت، بە (دابڕاو لە خوێندن) هەژمار دەکرێت و مافی بەردەوامبوونی لەو ساڵەی خوێندندا نامێنێت؛ پەیمانگەکانیش بەرپرسن لە جێبەجێکردنی ئەم بڕگەیە.
وەزارەتی پەروەردە هۆشداری دەداتە ئەو پەیمانگە ناحکومییانەی سەرپێچیی بڕیارەکان دەکەن و جەختدەکاتەوە کە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر؛ سزاکانیش لە پێبژاردنی داراییەوە دەستپێدەکات بەپێی مادەی 28 لە یاسای ژمارە 14ـی ساڵی 2012 و تاوەکو وەرگرتنەوەی مۆڵەتی کارکردن دەڕوات.
بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە، سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی ڕاسپێردراون بەدواداچوونی مەیدانی بۆ پەیمانگەکان بکەن؛ لە ئەگەری هەر کەمتەرخەمییەکیش لەلایەن سەرپەرشتیارەکەوە، پرۆسەی لێسەندنەوەی پلەکەی دەستپێدەکات.
|