یەکەم پەیامی عەلی زەیدی دوای کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق
1 کاتژمێر پێش ئێستا
46 جار خوێنراوەتەوە
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کۆتاییهاتنی فەرمیی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ڕادەگەیێنێت و جەخت لەوە دەکاتەوە لەم قۆناغە نوێیەدا، ڕێگە بە هیچ چەک و هێزێک لە دەرەوەی دەوڵەت و یاسادا نادرێت.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە ڕێوڕەسمی فەرمیی "ڕۆژی سەروەری"دا لە بەغدا، بە ئامادەبوونی فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و سەرکردە سەربازییەکان ڕایگەیاند: "کۆتاییهاتنی فەرمیی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ڕادەگەیێنین، بەمەش سەلمێنرا کە هاوکاریی نێوان سوپای عێراق و هێزە دۆستەکان سەرکەوتنی بەسەر تاریکترین پەڕەکانی تیرۆردا بەدەستهێنا". سەرۆکوەزیران سوپاسی سەرجەم ئەو دەوڵەت، ئەفسەر و ڕاوێژکارانەی کرد کە لەو جەنگەدا هاوکاریی هێزە ئەمنییەکانیان کرد.
زەیدی لەبارەی دۆسیەی چەکی دەرەوەی یاسا، وتی: "بەپێی دەستوور، داواکاریی مەرجەعییەتی ئایینی و ویستی گەلەکەمان، لەمەودوا هیچ چەکێک لە دەرەوەی چەتری یاسا و هیچ هێزێک لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا قبووڵ ناکرێت". ئاماژەی بەوەش دا، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان بە مانای کۆتاییی شەڕی تیرۆر نییە، بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکە کە عێراق خۆی بەرپرسیارێتیی تەواوی ئاسایشی وڵاتەکەی دەگرێتە ئەستۆ.
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان باسی لەوەش کرد، ئەرکەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بە تەواوی دەخرێتە ژێر سەرپەرشتیی نووسینگەی فەرماندەی گشتی تاوەکو لەژێر بڕیاری دەوڵەتدا بێت. دەشڵێت، پەیوەندییە ئەمنییەکان لەگەڵ دەوڵەتانی هاوپەیمانان بە کراوەیی دەمێنێتەوە، بەڵام لە چوارچێوەی هاوبەشیی دووقۆڵی و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەربازیدا دەبێت بۆ پاراستنی سەقامگیری.
|