زۆر خۆشووشتن کاریگەری خراپی لەسەر پێست دەبێت؟
4 کاتژمێر پێش ئێستا
72 جار خوێنراوەتەوە
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری رایدەگەیێنێت، زۆرخۆشووشتن هۆکارێکە بۆ زیادبوونی ئەکزیما (هەستیاریی تووندی پێست).
د. سێنەر تاڵەبانی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری رایگەیاند، بەهۆی پیسیی هەواوە و تێکەڵاوبوونی خەڵک لەگەڵ مادەکانی پاککەرەوە، ژمارەی تووشبووانی ئەکزیما کە هەستیارییەکی تووندی پێستە زیاد بووە.
د. سێنەر تاڵەبانی دەڵێت، ئەوانەی نەخۆشییەکە لە ماڵباتەکانیاندا هەیە، ئەگەری تووشبوونیان زیاترە بەراورد بەوانەی هیچ کام لە کەسوکاریان ئەکزیمایان نییە.
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوە کرد، زۆرینەی منداڵان تووشی ئەکزیما دەبن، چونکە چینی پێست بە تەواوی گەشەی نەکردووە و زوو زوو تووشی هەستیاری دەبێت، بەڵام لەگەڵ بەساڵداچووندا ئەوە کەم دەبێتەوە.
چەند هۆکارێکی سەرەکی هەن کە وا دەکەن زۆرخۆشووشتن کاریگەری نەرێنی هەبێت:
لەناوبردنی چەوری سروشتی پێست: بەکارهێنانی ئاوی گەرم و مانەوەی زۆر لە ناو ئاودا، ئەو چینە چەورییە سروشتییە دەتوێنێتەوە کە پێست دەپارێزێت.
وشکبوونەوەی پێست: کاتێک پێست چەوری سروشتی خۆی لەدەست دەدات، شێدارییەکەی نامێنێت و زووتر تووشی وشکبوونەوە, قڵیشان و خورشت دەبێت، کە ئەمەش ژینگەیەکی گونجاوە بۆ سەرهەڵدانی ئەکزیما.
بەکارهێنانی پاککەرەوەی توند: شوشتنی بەردەوام بەو سابوون و شامپۆیانەی مادەی کیمیایی و بۆنخۆشکەریان تێدایە، هەستیاریی پێست زیاتر دەکات.
بەپێی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی، ئەوانەی ئەکزیمایان هەیە، ئەمانە بکەن:
- نەخوراندن و هەڵنەکڕانی ئەو شوێنەی تووشی ئەکزیما بووە.
- کورتکردنەوەی نینۆکەکان یاخود لەکاتی خەوتندا دەستکێش بەکاربهێنن تاوەکو شوێنی ئەکزیماکە نەکڕێندرێت و دووچاری هەوکردن نەبێت.
- شێدارکەرەوە لە شوێنی ئەکزیماکە بدرێت (لەژێ راوێژی پزیشک).
- نابێت شێدارکەرەوەی ''لۆشن'' بەکاربێت و پێویستە مەڵهەم یان کرێم بێت.
- بەکارنەهێنانی جلوبەرگی نایلۆن و خوری.
- کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی.
- خواردنی خۆراکی تەندروست بەتایبەت سەوزە و میوەکان.
لەبارەی رێگەکانی پێشگیری لە وشکبوونەوەی پێست و ئەکزیما ئەمانەی خوارەوە جێبەجێ بکرێن:
- بەکارهێنانی دژەخۆر کە SPFـی لە 30 زیاتر بێت.
- دووبارەکردنەوەی دژەخۆر کە دوو کاتژمێر جارێک بێت.
- دوورکەوتنەوە و خۆپاراستن لە تیشکی خۆر لە نێوان کاژێر 10:00 تاوەکو کاژێر 16:00.
- بەکارهێنانی تەواوکەرە خۆراکییەکانی ڤیتامین C و E.
- بەکارهێنانی شێدارکەرەوەی گونجاو لەگەڵ جۆری پێست.
- هەفتانە جارێک ماسکی روخسار بەکاربهێندرێت.
|