لە چ کاتێکدا سەرئێشە مەترسیدارە و پزیشک ببیندرێت؟

2   کاتژمێر پێش ئێستا  32 جار خوێنراوەتەوە

سەنتەرێکی پزیشکی لە ئەمریکا هۆشداری دەدات، هەموو سەرئێشەیەک ئاسایی نییە و ئاماژە بەو نیشانە مەترسیدارانە دەکات کە پێویستی بە سەردانیکردنی خێرای پزیشک هەیە.

تیمی پزیشکیی پسپۆڕیی مێشک و دەمار لە مایۆکلینیک لە ئەمریکا دەریخستووە، سەرئێشە دەبێت لەم دۆخانەدا بە هەند وەربگیرێت؛

- ئەو سەرئێشەیەی لەناکاو و لە چەند چرکەیەکدا سەرهەڵدەدات و دووبارەدەبێتەوە.

- ئەگەر سەرئێشەکە لەگەڵ لاوازی یان سڕبوونی دەست و پێ، تێکچوونی قسەکردن، گێژبوون، قورسایی لە رۆیشتن، تای بەرز و رەقبوونی ملدا هەبێت.

- هەر سەرئێشەیەک لەکاتی خەودا هەڵتسێنێت، رۆژ بە رۆژ تووندتر ببێت و بە دەرمانە ئاساییەکان نەوەستێت.

- ئەو کەسانەی سەرووی 50 ساڵن و بۆ یەکەمجار تووشی سەرئێشەی نوێ دەبن یان ئەو سەرئێشانەی لە کاتی وەرزشکردن، کۆکە و پژمیندا دروستدەبن.

مایۆکلینیک ئاماژە بەوەش دەکات، زۆربەی سەرئێشەکان مەترسیدار نین و پەیوەندییان بە گوشاری دەروونی یان ماندووبوونەوە هەیە، بەڵام جیاکردنەوەی سەرئێشەی ئاسایی لە سەرئێشەی مەترسیدار زۆر گرنگە، بۆیە لەکاتی بوونی هەر سەرئێشەیەکی نائاسایی و لەناکاودا، هەرگز پشتگوێ نەخرێت و بە خێرایی سەردانی پزیشک یان بەشی فریاکەوتن بکرێت، چونکە ناسینەوەی زووی هۆکارەکە دەتوانێت ژیانی نەخۆشێک رزگار بکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە