ترەمپ داوای بن سەلمانی بۆ لێدانی حوسیەکان رەتکردووەتەوە
4 کاتژمێر پێش ئێستا
72 جار خوێنراوەتەوە
ماڵپەری (ئەکسیۆس)ـی ئەمریکی لە زاری دوو بەرپرسی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە رۆژی پێنجشەممە، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، دووجار پەیوەندیی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە کردووە و داوای لێکردووە هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر حووسییەکان لە یەمەن، بەڵام ترەمپ داواکەی رەتکردووەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئێستا واشنتن هیچ پلانێکی نییە بۆ ئەوەی راستەوخۆ دەستوەردانی سەربازی دژی حووسییەکان بکات. ترەمپ فەرمانی داوە کە سەرنجی هێزەکانی ئەمریکا تەنیا لەسەر بەرەی ئێران و تەنگەی هورمز بمێنێتەوە و رێگری بکرێت لە کردنەوەی بەرەیەکی نوێی شەڕ.
ئەم داواکارییە بەپەلەیەی شازادەی جێنشینی سعودیە دوای ئەوە هات کە حووسییەکان توانییان دەست بەسەر شاری (موخا)ـدا بگرن، بەوەش زیاتر لە تەنگەی ستراتیژیی بابولمەندەب نزیک بوونەتەوە کە یەکێکە لە گرنگترین پێگەکان بۆ بازرگانیی نێودەوڵەتی و هەناردەکردنی نەوتی سعودیە.
بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە، لە پەیوەندیی یەکەمدا، محەممەد بن سەلمان ترەمپی لە کشانەوەی هێزەکانی یەمەنی هاوپەیمانی ریاز و تێکچوونی رەوشی مەیدانی ئاگادار کردووەتەوە، پاش چەند کاژێرێکیش لە پەیوەندیی دووەمدا بە فەرمی داوای کردووە ئەمریکا بۆردوومانی حووسییەکان بکات، بەڵام ترەمپ رازی نەبووە.
سەرەڕای رەتکردنەوەی هێرشی راستەوخۆ، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی رایگەیاندووە، وڵاتەکەی لە رێگەی پێدانی زانیاریی هەواڵگری و دیاریکردنی ئامانجە سەربازییەکان هاوکاریی ریاز دەکات. ئێستاش نزیکەی 200 سەربازی ئەمریکی لە نێو خاکی سعودیەدان کە ئەرکیان پێشکێشکردنی هاوکاریی تەکنیکی و لۆجستییە بەبێ بەشداریکردن لە شەڕی راستەوخۆ.
هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزبوونی رەوشەکە، ئەدمیڕاڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە سەردانێکی بەپەلە گەیشتووەتە ریاز بۆ ئەوەی هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی سعودیە بکات.
|