تاوتوێی گواستنەوەی چەکی گرووپەکانی عێراق بۆ ئێران دەکرێت

50   خولەک پێش ئێستا  27 جار خوێنراوەتەوە

میدیا عێراقییەکان ئاشکرایان کرد لەناو لایەنە شیعەکانی عێراق گفتوگۆ هەیە چەکی دەستی گرووپەکان کە ئامادەنین ڕادەستی حکومەتی بکەن بۆ ئێران بگوازرێتەوە، مەترسیی شیعەکانیش لە هەنگاوێکی لەم جۆرە هەیە چونکە نایانەوێت هیچ هەنگاوێک بنرێت ناڕەزایی و سزای ئەمریکای بەدوادا بێت.

چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لە کۆتا کۆبوونەوەی خۆیدا باسی لە بابەتی هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت نەکرد، ئەو سێ لیژنەیەی چوارچێوەی هەماهەنگیش کە بۆ ئەم بابەتە پێکهێنراون تائێستا ئەرکەکانیان تەواونەکردووە.

گرووپەکانی حیزبوڵڵای عێراقی، نوجەبا و سەیدولشوهەدا ڕادەستکردنی چەک ڕەتدەکەنەوە و مەرجی قورسی وەک کشانەوەی تەواوەتی هاوپەیمانان و هێزەکانی تورکیا و چوونەدەرەوەی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیان لە خاکی عێراق داناوە.

ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە سەرچاوەکانییەوە بڵاویکردەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لەناوخۆیدا تاوتوێی ئەوەی کردووە چەک و کۆگای گرووپەکان بۆ ئێران بگوازرێتەوە کە هەر خۆی ئەو وڵاتە چەکەکانیشی بەو گرووپانە داوە، لەوانەش مووشەکی دوورمەودا کە ئەم جۆری چەکە تەنانەت لای هێزە عێراقییەکانیش نییە.

چوارچێوەی هەماهەنگی بەهۆی ترسی لە ناڕەزایی و سزاکانی ئەمریکا، گرنگییەکی زۆر بەم بابەتە دەدات بەتایبەتیش کە واشنتن نایەوێت بەغدا کۆنتڕۆڵکردنی چەکی دەستی گرووپەکان دوابخات یانیش یاری بە کات بکات.

حوسام حوسنی، وتەبێژی ڕەوتی حیکمە دەڵێت، ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان کراوە بابەتی ڕێکخستنەوەی چەک دوور لە گرژیی میدیایی و بە ئامانج گرتن دەستپێبکات و بەردەوامیشی پێبدرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە