دادگاى فیدراڵى لەبارەی چوار سکاڵای دژی هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە

4   کاتژمێر پێش ئێستا  62 جار خوێنراوەتەوە

دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق چوار سکاڵا تاوتوێ دەکات کە پەیوەندیدارن بە ئەنجوومەنى باڵاى دادوەری، کۆنەبوونەوەى پەرلەمان و پێکنەهێنانى حکومەتى نوێى هەرێمى کوردستان.

یەکێک لە سکاڵاکان رۆژى دووشەممە 14ى ئەیلوولى 2026، لەلایەن دادگاى باڵاى فیدراڵییەوە تاوتوێ دەکرێت کە لە دژى درێژکردنەوەى ماوەی عەبدولجەبار عەزیز، وەک سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرییە.

نیازى محەممەد، پارێزەرى دۆسیەکە رایگەیاندووە، بۆ ئەو سکاڵایە پشتیان بە چەند بنەمایەکى یاسایی و دەستووری بەستووە و دەبوو بڕیارى درێژکردنەوەکە لەلایەن سەرۆکى هەرێمى کوردستانەوە واژۆ بکرایە، نەک جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەری.

دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق، لە 20ى ئەیلوول، سێ سکاڵاى دیکە لەبارەى هەرێمى کوردستان تاوتوێ دەکات.

دوو سکاڵایان لەلایەن عەلى حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتى هەڵوێست لە دژى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و پەرلەمان تۆمار کراون.

سکاڵایەکیان لەبارەى پێکنەهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستانە و ئەوى دیکەیان لەسەر سەرۆکى تەمەنى پەرلەمانى کوردستانە و داواى کردووە خولى شەشەمى ئەو پەرلەمانە بە نادەستووری بناسێنێت.

هەمان رۆژ، دادگاى باڵاى فیدراڵى سکاڵایەکى دیکەى رێبوار عەبدولڕەحمان، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى نەوەى نوێ تاوتوێ دەکات کە لە دژى بڕیارەکانى کابینەى ئێستاى حکومەتى هەرێمى کوردستان تۆماری کردووە، بەبیانووى ئەوەى گوایە لە 10ى تەممووزى 2023 ماوەکەى تەواو بووە.

بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى دەست رووداو کەوتوون، حکومەتى هەرێمى کوردستان وەڵامنامەى خۆى لەبارەى ئەو سکاڵایە ئاراستەى دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق کردووە و یەکێک لەو پرسانەى بۆ رەتکردنەوەى سکاڵاکان پشتى پێبەستووە، بڕیارێکى پێشووى دادگەى فیدراڵییە کە لەسەر هەمان پرس تۆمار کراوە و رەتکراوەتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە