ئەو هۆکارانە چین کە خانمان بە خێرایی قەڵەو دەکەن؟
1 کاتژمێر پێش ئێستا
29 جار خوێنراوەتەوە
پسپۆڕێکی پزیشکیی خێزانی باسی ئەو هۆکارانە دەکات کە بە خێرایی خانمان قەڵەو دەکەن و دەڵێ، خانمان بە زۆری لەدوای دووگیانبوون یاخود ئەوانەی تەمەنیان سەروو 45 ساڵە و لە قۆناغی وەستانی هەمیشەیی سووڕی مانگانەدان زیاتر و خێراتر قەڵەو دەبن، چونکە گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنەکانیان روودەدات بەتایبەت لە ورگیاندا.
د. جومانە فارس، پسپۆڕی پزیشکیی خێزانی رایدەگەیێنێت، ئەگەر خانمانی پێگەیشتوو قەڵەو بن، ئەوا ئەگەری تووشبوونیان بە 'شەکرە، بەرزەپەستانی خوێن و بەرزەچەوریی خوێن' زیاد دەبێت، هەروەها زیاتر تووشی کیسی سەر هێلکەدان دەبن کە سووڕی مانگانەیان تێکدەچێت.
ئەوەش باس دەکات کە زیاتر خانمانی تووشبووی فرەکیسی هێلکەدان تووشی شێرپەنجەی مەمک و جەڵتەش دەبن. ئەگەر بیانەوێت دووگیانیش ببن، درەنگ دووگیان دەبن هەر لەبەر ئەو کێشانە.
ئەگەر خانمێک قەڵەو بێت و بیەوێت دووگیان بێت، دەشێت لەماوەی دووگیانییەکەیدا تووشی ئەمانە ببێت؛
- پێشوەختە منداڵبوون
- شەکرەی دووگیانی
- لەبارچوون
- بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن
- کەمیی كێش کۆرپەلە و ئاڵۆزییەکانی دووگیانی
چەند هۆکارێکی باو هەن کە وا لە کەسێک دەکەن قەڵەو بێت وەکو؛
- خواردنی خۆراکی ناتەندروست و زۆرخۆری= خواردنی کالۆری زیاترە لە سووتاندنی کالۆری.
- کەمیی جووڵە و وەرزش.
- ناڕێکیی دەروونی بە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی.
- کەمخەوی.
- هەندێک نەخۆشی وەکو 'غودەی ناچالاک، نەخۆشیی کوشینگ کە هۆڕمۆنی گوشاری کۆرتیزۆڵ زۆر دەردەدرێت و کیسی هێلکەدان'.
- هەندێک دەرمان کە کاریگەرییە لاوەکییەکەیان قەڵەوبوونە.
- بۆماوەیی.
شکار ڕێبوار
|