بەغدا و هەولێر لەبارەی پرسی ئەمنی سنوورەکانی هەرێم و ئێران کۆبوونەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
151 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە و تیشکیان خستە سەر دۆسیەی ئاسایشی سنوورەکان و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی ئەمنی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.
شاندێکی باڵای ئەمنی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا لەگەڵ قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا دۆخی گشتیی ئاسایشی وڵات و ئەو ئاڵنگارییە ئەمنییانەی رووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە، خرانە بەر باس.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەشی نێوان دامەزراوە ئەمنییەکانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیری و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان.
هاوکات، هەردوولا جەختیان لەسەر میکانیزم و رێگاکانی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئەمنی هاوبەشی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوە. لەم چوارچێوەیەدا، دووپات لە پابەندبوونی سەرجەم لایەنەکان بە بڕگەکانی رێککەوتنەکە کرایەوە، بەتایبەت لە پرسی پاراستنی سنوورە هاوبەشەکان و رێگریکردن لە هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق هەبێت.
|