بزووتنەوەی حەماس دەسەڵاتی خۆی لە غەززە هەڵوەشاندەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
227 جار خوێنراوەتەوە
بزووتنەوەی حەماس هەڵوەشاندنەوەی ئەو حکومەتەی راگەیاند کە بۆ ماوەی نزیکەی دوو دەیە فەرمانڕەوایی کەرتی غەززەی کرد، ئەمەش رێگە خۆش دەکات تاوەکو لیژنەیەکی تەکنۆکرات دەسەڵاتی سڤیل و بەڕێوەبردنی کەرتەکە بگرێتە دەست.
ئیسماعیل سەوابتە، سەرۆکی نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی حەماس، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە: "محەممەد فەڕا، سەرۆکی لیژنەی فریاگوزاریی حکومەت بەفەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکێش کردووە. هەروەها بڕیاریداوە لیژنەکە هەڵبوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی ئاسانکاری بکات بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتی کارگێڕی و حکومی بۆ 'لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە'."
ئەم لیژنە نوێیە، لەلایەن ئەو "دەستەی ئاشتی"ـیەوە پێکهێندراوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دروستیکرد، ئەوەش کاتێک لە مانگی تشرینی یەکەمی 2025ـدا نێوەندگیریی رێککەوتنی ئاگربەستی لەنێوان حەماس و ئیسرائیل کرد.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە بزووتنەوەی حەماس، لە ساڵی 2007ـەوە و دوای دەرکردنی بزووتنەوەی فەتح، کۆنتڕۆڵی تەواوی کەرتی غەززەی لەدەستە.
بەرپرسێکی دیکەی بزووتنەوەکە رایگەیاند کە ئەوان پێشتر لە کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییەی قاهیرەدا، لایەنە فەلەستینییەکانی دیکەیان لەم بڕیارە ئاگادار کردووەتەوە و لایەنەکانیش وەک هەنگاوێکی جددی بۆ دەستبەکاربوونی لیژنەی نیشتمانی پێشوازییان لێکردووە.
لەو کاتەوەی لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل لە غەززە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە، بزووتنەوەکە چەندین جار ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ وازهێنان لە بەڕێوەبردنی شارەکە، بەڵام کێشەی چەکداماڵینی بزووتنەوەکە وەک گرێکوێرەیەکی چارەسەرنەکراو ماوەتەوە.
|