دادگاى فیدراڵى چوار سکاڵا تاوتوێ دەکات کە دژی هەرێمى کوردستان تۆمارکراون

54   خولەک پێش ئێستا  165 جار خوێنراوەتەوە

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق چوار سکاڵا تاوتوێ دەکات کە لە دژی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون کە لەلایەن وەزیری دارایی فیدراڵ و دوو بانک و دامەزراوەیەکى دیکە تۆمارکراون بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێک بۆ بەناوکردنی موڵکەکانی حکومەت، کە 34 ساڵ لەمەوبەر دەرکراوە و تیمى پارێزەرانى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش ئامادەى دانیشتنەکە دەبن.   

سکاڵاکان لەلایەن وەزیری دارایی فیدراڵ، بەڕێوەبەری گشتیی بانکەکانى رافیدەین و رەشید، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دڵنیایی نیشتمانی لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار کرابوون.

لەو سکاڵایانەدا داوا کراوە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە لە 24ی تشرینی دووەمی 1992 دەریکردووە بە نادەستووری بناسێنێت.

بە گوێرەی بڕیارەکە، سەرجەم ئەو موڵکانەی ئەو کاتە بە ناوی حکومەتی پێشووی عێراق و ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی پێشووی دەسەڵاتی بەعس بوون، بکرێن بە ناوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.

سەرچاوەیەکى بەرپرس لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە رووداوى راگەیاندووە، تیمى پارێزەرانیان بۆ یەکەمجار ئامادەى دانیشتنەکە دەبن و وەڵامنامەى خۆیان لەبارەى ئەو سکاڵایانەوە پێشکێش بە دادگا دەکەن.

بە گوێرەى زانیارییەکان، لەو وەڵامنامەیەدا تیمى پارێزەرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان پشتیان بە مادەى 141ى دەستووری عێراق بەستووە.

 بەگوێرەى ئەو مادەیەى دەستوور، ئەو یاسایانەى کە لە ساڵى 1992 ەوە لە هەرێمى کوردستان دەرکراون کارپێکراو دەبن تاوەکو بەگوێرەى یاساکانى هەرێمى کوردستان هەموار نەکرێن یان هەڵنەوەشێنرێنەوە. 

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە