لە گەرمادا چی بکەین بۆ پاراستنی چاومان؟
1 کاتژمێر پێش ئێستا
34 جار خوێنراوەتەوە
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە وەرزی هاویندا، پزیشکێکی چاو هۆشداری دەدات کە تیشکی خۆر بە تایبەتی تیشکی سەروو وەنەوشەیی زیانی درێژخایەن بە چاو دەگەیێنێت.
د. ئەبوبەکر زاهیر کاوانی، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو ، رایگەیاندووە: تیشکی خۆر کە تیشکی سەروو وەنەوشەیی تێدایە، لە وانەیە زیان بە پێستی دەوروبەری چاو و گلێنە بگەیێنێت و ببێتە هۆی دروستبوونی زیادە گۆشت و زیادبوون ئاوی چاو، ئەمەش کاریگەری لەسەر تۆڕی چاو دەبێت.
بە پێی رێنمایەکانی ئەو پزیشکە، باشترین رێگای بۆ پاراستنی چاو لە گەرمادا ئەمانەن:
- چاویلکەی هەتاوی بەکاربهێندرێت، کە بتوانێت 100٪ تیشکی سەروو وەنەوشەیی بگێڕێتەوە.
- کرێکارەکان و ئەو کەسانەی زۆر لەبەر خۆر کاردەکەن، کڵاوێکی لیوار گەورە یان شەپقە لەسەر بکەن.
- لە نێوان کاتژمێر10:00ی بەیانی تا 4:00ی ئێوارە، بۆ کاری زۆر پێویست نەبێ نەچنە دەرەوە، چونکە لەم ماوەیەدا تیشکی خۆر بەهێزترینە.
لەبارەی وشکبوونی چاو ، د. ئەبوبەکر کاوانی ئاماژەی بەوە کرد، گەرمای هاوین وادەکات چاو زوو وشک ببێتەوە، بە تایبەتی کەسانی تووشبوو بە وشکبوونی چاو. بۆیە پێویستە ئاوی زۆر بخۆنەوە و سەوزە و خواردنی دەوڵەمەند بە ئۆمێگا 3ش بخۆن.
دەشڵێت: ئەگەر پێویست بوو، قەترەی فرمێسکی دەستکرد لەچاو بکەن، کە مادەیەکی بێزیانە و دەکرێ بەبێ گەڕانەوە بۆ پزیشک بەکاربهێنرێت.
لە بارەی مەلەکردن لەبەر خۆردا، وتی: ئاوی گۆم و مەلەوانگەکان رەنگە بەکتریا، ڤایرۆس یان مادەی کیمیایی تێدابێت کە زیان بە چاو بگەیێنێت، بۆیە باشترە چاو لە ژێر ئاو نەکرێتەوە و چاویلکە پاراستنی چاو لە کاتی مەلەکردندا بە کاربهێنرێت.
د.ئەبوبەکر کاوانی هۆشداری دا و رایگەیاند: "زۆربەی زیانەکانی تیشکی خۆر، وەک زیادە گۆشت، ئاوی چاو یان کاریگەری لەسەر تۆڕی چاو، پاش دروستبوونیان پێویستیان بە نەشتەرگەری یان چارەسەرە."
|