پارەی گیراوی جومەیلی گەیشتە 127 ملیار دینار و 24 ملیۆن دۆلار

2   کاتژمێر پێش ئێستا  31 جار خوێنراوەتەوە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێ، 25 ملیار دینار و یەک ملیۆن دۆلاری دیکە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزیری نەوت دەستی بەسەردا گیراوە، بەوەش تێکڕای ئەو پارەیەی تاوەکو ئێستا لەو دۆسیەیەدا دەستی بەسەردا گیراوە گەیشتە 127 ملیار دینار و 24 ملیۆن دۆلار.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا نوێترین ئاماری دەستگرتن بەسەر ئەو پارەیەی بڵاوکردەوە کە لە دۆسیەی گەندەڵییەکەی عەدنان جومەیلیدا بووە.

دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەڵێ، 25 ملیار دینار، یەک ملیۆن دۆلار و پێنج کیلۆ زێڕی دیکە دەستی بەسەردا گیراوە، ئەوەش لە چوارچێوەی دۆسیەی گەندەڵییەکەی عەدنان جومەیلی و ئەو کەسانەی دیکە کە لە دۆسیەکەدا تێوەگلاون.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو بڕە پارە و زێڕە بەهۆی بەفیڕۆدانی پارە لە پڕۆژەکاندا دەستکەوتووە، ئەوەش لەلایەن ئەو کەسانەی کە بەشدار بوون لە گەندەڵییەکەدا؛ ئاماژە بەوەش کراوە، لە ماڵی یەکێک لە تۆمەتبارەکان لە شاری تکریتی ناوەندی پارێزگای سەلاحەدین دەست بەسەر ئەو موڵکەدا گیراوە کە لەنێو دەبەی ئاو و لە خانووەکەیدا شاردرابووەوە.

دوایین کەس لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستگیرکرا، حەمەد جومەیلی، بەڕێوەبەری پڕۆژەکان لە پاڵاوگەی بێجی بوو.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێ، تێکڕای ئەو پارەیەی لە چوارچێوەی دۆسیەکەی عەدنان جومەیلی دەستی بەسەردا گیراوە، گەیشتووەتە 127 ملیار دینار و 24 ملیۆن دۆلار، ئەوە جگە لە مۆڵ و ئۆتۆمبێل و زێڕی دیکە کە دەستیان بەسەردا گیراوە.

لە 30ی ئایار، عەدنان جومەیلی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا. زۆرینەی ئەو تۆمەتی گەندەڵیانەی ئاراستەی کراون پەیوەندیدارن بە گرێبەستەکانی کەرتی پاڵاوگە حکومی و تایبەتەکان.

لە دوای دەستگیرکردنی، عەدنان جومەیلی ناوی 128 کەسی درکاندووە کە گوایە لە دۆسیەکەیدا بەشدار بوون، بە دوایدا ژمارەیەک پەرلەمانتار و پارێزگارێکی پێشووتری سەلاحەدین دەستگیرکران.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە