بەهۆى تەرمى عەلی خامنەیی 10 پارێزگای عیراق پشوویان راگەیاند

58   خولەک پێش ئێستا  175 جار خوێنراوەتەوە

ئەمڕۆ تەرمی عەلی خامنەیی رێبەری پێشووی ئێران دەگاتە عیراق و رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمەکەی بەڕێوەدەچێت و بەهۆیەوە  لە 10 پارێزگای عیراق پشووی رەسمی راگەیەندرا.

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 7ى7ى2026 تەرمی عەلی خامنەیی رێبەری پێشووی ئێران لە رێگەی فڕۆکەخانەی نەجەفەوە بگاتە عیراق و رێوڕەسمی رەسمیی ماڵئاوایی لە تەرمەکەی بەڕێوەدەچێت و بەهۆی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی پێشوازیکردنیش لە 10 پارێزگای عیراق پشووی رەسمی راگەیەندرا، کە لە چەند پارێزگایەکدا بۆ ماوەی یەک رۆژ و لە چەند پارێزگایەکی دیکەشدا پشووەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

ئیدارەی خۆجێیی شارەکان لەبارەی پشووی سبەینێوە رایگەیاندووە: سبەینێ چوارشەممە 8ى7ى2026 لە شارەکانى کەرکوک، بەغداد، نەجەف، زیقار، موسەننا و کەربەلا بە رەسمی کراوەتە پشوو، ئەوەش بۆ ئاسانکارییە بۆ دانیشتووانی شارەکان تاوەکو بەشداری بکەن لە رێوڕەسمی ماتەمینی و کۆتا ماڵئاوایی لە تەرمەکەی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ئیدارەی پارێزگاکان ئاماژەیان بە ئەوەش داوە: بەشێک لە پارێزگاکانی وەک دیالە، بابل، میسان و دیوانیە، لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت دوو رۆژ کراوەتە پشوو، بەڵام تاقیکردنەوەکانی خوێندنگە و زانکۆکان ناگرێتەوە.

سەرچاوەکان لەبارەی خشتەی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکانەوە رایانگەیاند: بەرەبەیانی سبەی رۆژی چوارشەممە 8ى7ى2026 رێوڕەسمی جەماوەریی ماڵئاوایی لە تەرمی خامنەیی لە نەجەف بەڕێوەدەچێت، ئێوارەکەشی دەبرێتە کەربەلا و رێوڕەسمی ئایینی و جەماوەری بۆ دەکرێت، دواتر دەبرێتەوە مەشهەد لە ئێران بەخاک دەسپێردرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە