وشکەساڵییەکی سەخت رووبەڕووی عێراق و کوردستان دەبێتەوە

2025-05-28  921 جار خوێنراوەتەوە

وشکەساڵییەکی سەخت رووی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە بە جۆرێک لە ٨٠ ساڵی رابردوودا هاوشێوەی نەبووە، ئەوەش بەهۆی کەمی دابارین و گرتنەوەی ئاو لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە.

 وه‌زاره‌تی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایگەیاند، یەدەگی ئاوی عێراق لە ماوەی ٨٠ ساڵی ڕابردوودا بۆ نزمترین ئاستی دابه‌زیوه‌.

ئاماژەی بەوەش كردووە هۆكاری دابه‌زینی ئاستی یه‌ده‌گی ئاوی عێراق بۆ کەمی بارانبارین و کەمبوونەوەی به‌ردانه‌وه‌ی ئاو لە هه‌ردوو ڕووباری دیجلە و فورات ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

 وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق باسی لەوەشکردووە لەژێر کاریگەرییەکانی وشکەساڵی ‌ ناچارن ڕووبەری ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی لە هاویندا به‌روبومیان تێدا چێنراوه‌، کەم بکەنەوە

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتەکە، تورکیا زۆرینەی ئەو ئاوەی پشکی عێراقە بۆ خۆی گل دەداتەوە کە رێژەکەی کەمترە لە سەدا ٤٠ی شایستەی خۆی.

عێراق ساڵانە لە وەرزی گەرمادا بڕی ئاوی کۆکراوەی زیاتر لە 18 ملیار مەتر چوارگۆشەیە بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە بۆ نزیکەی 10 ملیار مەتر چوار گۆشە کەمی کردووە.

بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی ٧رۆژ، کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لەسەر هەرێمی کوردستانیش بە تەواوی دەرکەوتوون، پێشبینی دەکرێت زۆرینەی بەرهەمی گەنمی جوتیاران لە گەرمیان و هەولێر بفەوتێت.

عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی زەوییە داچێنراوەکان کەم دەکاتەوە ئەوەش کاریگەری گەورەی لەسەر داهاتی جوتیارەکان دروست دەکات.

بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی ٧رۆژ، کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لەسەر هەرێمی کوردستانیش بە تەواوی دەرکەوتوون، سەرچاوەکانی ئاو بەرەو کەمبوونەوەو تا ئەندازەی وشکبوون رۆشتوون!

لە شاری سلێمانی یەکێک لە سەرچاوەکانی دابینکردنی ئاوی ماڵان، کانیاوی سەرچنارە بەهۆی کاریگەرییەکانی وشکەساڵیەوە لە وشکبوونی تەواوەتی نزیک بووەتەوە.

جیا لەوە، ئێران هاوشێوەی تورکیا دەستی کردووە بە گلدانەوەی ئەو ئاوانەی دەرژێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە ئەوەش کاریگەری گەورەی کردووەتە سەر دابەزینی ئاوی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان.

پێشبینی دەکرێت هاوینێکی سەخت چاوەڕوانی هاووڵاتیانی هەرێم و عێراق بکات کە زۆربەی ناوچەکان بە ئەستەم ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین بکرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە