عەلی عەلاق: سپیکردنەوەی پارە و تیرۆر دەرگایە بۆ لێکترازانی عێراق
2025-05-28
102 جار خوێنراوەتەوە
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند، سپیکردنەوەی پارە و پشتیوانیکردنی تیرۆر دەرگایە بۆ لێکترازانی هەمو دەزگاکانی عێراق، و لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان هەماهەنگیان کردوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی. دەشڵێت، "لەگەڵ هەرێمی کوردستان کارمان کردوە و هەماهەنگیان کردوین و بڕیارەكانی بانکی ناوەندی لەهەمو عێراق جێبەجێ دەکرێت".
عەلی عەلاق، ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنفرانسی ڕوبەڕوبونەوەی سپیکردنەوەی پارە لە بەغدا ڕایگەیاند، کار بۆ سەپاندنی سەقامگیری پارە دەکەن، باش دەزانن کە سپیکردنەوەی پارە و پشتیوانیکردنی تیرۆر، تەنیا پرسێکی ماددی نییە، بەڵکو دەرگایەکە بۆ شکستهێنان بە سەقامگیریی و لێکترازانی هەمو دەزگاکانی عێراق لەڕوی سیاسیی و دارایی.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەماهەنگی و پێکەوە کارکردن بژاردە نییە، بەڵکو ئەرکە لەسەر هەموان، بۆ ئەوەی سپیکردنەوەی پارە لە ڕیشەوە بنبڕ بکەن، عێراق لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بەشێوەیەکی باش هەماهەنگی کردوە، هەروەها کاریان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پشتیوانی تیرۆر کردوە.
عەلی عەلاق باسی لەوەشكرد، عێراق پابەندە بە توندکردنی هەمو ئەو ڕێکارانەی دەبنە هۆی بنبڕکردنی سپیکردنەوەی پارە، لەوبارەوە ئەزمونیان لە وڵاتان وەرگرتوە و کۆمەڵێک خاڵی بەهێزیان بۆ سەقامگیریی پارە وەرگرتوە، هەروەها بەدواداچون دەکەن بۆ ئەو پارانەی هەناردەی دەرەوە کراوە، بەو هۆیەشەوە زانیارییەکان لەگەڵ لایەنی نێودەوڵەتی ئاڵوگۆڕ دەکەن.
ئەوەشیخستەڕو، کۆمەڵێک خاڵی لاوازیشیان هەیە و پێویستە سەرنجیان بدەن و چارەیان بکەن، بۆ ئەوەی مەترسی سپیکردنەوەی پارە کەم بکەنەوە، هەروەها بەردەوامن لەهەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی کاری دارایی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی سنورێک بۆ سپیکردنەوەی پارە دابنێین.
جەختیشی کردەوە، سەرنجمان خستوەتە سەر کەرتی وەبەرهێنان و خانوبەرە و کۆمەڵێک ڕێکاریان لەوبارەوە گرتوەتەبەر، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسی سپیکردنەوەی پارە لەڕێگەی فرۆشتنی خانوبەرە، هەروەها یەکێک لەو خاڵانەی جێبەجێیان کردوە، بریتییە لە کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە لە ڕێگەی بانکەکانەوە.
لەبارەی هەرێمی كوردستانیشەوە دەڵێت، لەگەڵ هەرێمی کوردستان کارمان کردوە و سوپاسیان دەکەین کە هەماهەنگیان کردوین لە ڕوبەڕوبونەوەی سپیکردنەوەی پارە، کە هەرێمی کوردستان لەو بارەوە نوێنەری لای ئێمە هەیە، ئەمەش مانای وایە بڕیارەکانی بانکی ناوەندی لەهەمو عێراق جێبەجێ دەکرێت.
|