وەزارەتی دارایی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان: پارە نانێرین
2025-05-28
115 جار خوێنراوەتەوە
تەیف سامى، وەزارەتى دارایی عێراق، هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگەى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى و دەڵێت: "19.2 تریلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوتى رادەست نەکراوە".
ئەو وەزارەتە لە نووسراوێکدا کە ئاراستەى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کردووە، دەڵێت: "داهاتى نەوتى و نانەوتى لە 2023 تاوەکو نیسانی ئەم ساڵى هەرێمى کورستان گەیشتووەتە 19.9 تریلیۆن دینار، بەڵام 598.5 ملیار دینارى رادەست کراوه".
ئەو زانیارییانەى وەزارەتەکە بە گوێرەى نووسراوێکە کە وەزارەتى دارایی فیدراڵ ئەمڕۆ چوارشەممە 28ـی ئایارى 2025 بە ناونیشانى "پارەدارکردنى مانگى ئایار"، ئاراستەى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کردووە.
نووسراوەکە تایبەتە بە داهاتى نەوتى و نانەوتى هەرێمى کوردستان کە گوایە تاوەکو نیسانى 2025 بڕى 199 ملیار و 346 ملیۆن و 211 هەزار و 877 دینار رادەست بەبەغدا کراوە.
نووسراوەکە بە پشتبەستنە بە دوو نووسراوى دیوانى چاودێرى دارایی عێراق لە رۆژانى 9ـی نیسان و 25ـی ئایاردا.
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، داهاتى نەوتى و نانەوتى ساڵانى 2023، 2024 و 2025ـی هەرێمی کوردستان 19 تریلیۆن و 937 ملیار و 708 ملیۆن و 613 هەزار و 311 دینار بووە و لەو بڕە داهاتى نەوتى بۆ ئەو سێ ساڵە 9 تریلیۆن و 415 ملیار و 18 ملیۆن و 245 هەزار و 400 دینار بووە و داهاتى نانەوتیش 10 تریلیۆن و 522 ملیار و 690 ملیۆن و 367 هەزار و 911 دینار بووە.
لە خشتەکەى وەزارەتى دارایی فیدراڵدا بۆ ئەم ساڵ، داهاتی نەوتى تێدا نییە و تەنیا داهاتى نانەوتى دیاریکردووە کە یەک تریلیۆن و 166 ملیار و 125 ملیۆن و 957 هەزار و 730 دینار بووە و گوایە لەو بڕە 199.3 ملیار دینارى رادەستکراوە و 993 ملیار و 779 ملیۆن و 745 هەزار و 853 دینارى ماوە رادەست بکرێت.
داهاتى نەوتى ساڵى 2023، چوار تریلیۆن و 708 ملیار و 578 ملیۆن و 855 هەزار و 400 دینار بووە، لەکاتێکدا داهاتى نانەوتى هەمان ساڵ چوار تریلیۆن و 656 ملیار و 554 ملیۆن و 483 هەزار و 468 دینار بووە و ئەو ساڵە هیچ بڕە پارەیەک لەو دوو داهاتە رادەست نەکراوە، ئەوەش بەگوێرەى ئەوەى لەخشتەکەکەدا هاتووە.
داهاتى نەوتى بۆ ساڵى 2024 گەیشتووەتە چوار تریلیۆن و 706 ملیار و 430 ملیۆن و 390 هەزار دینار و داهاتى نانەوتى چوار تریلیۆن و 700 ملیار و 9 ملیۆن و 926 هەزار و 713 دینار بووە.
تەیف سامى واژۆى لەسەر ئەو نووسراوە کردووە و تێیدا ئاماژەى بەوەداوە کە لەو سێ ساڵەدا بڕى داهاتى نەوت و نانەوتى کە لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە رادەست کراوە، 598 ملیار و 515 ملیۆن و 173 هەزار و 377 دینار بووە و ئەوەى ماوە رادەست بکرێت 19 تریلیۆن و 239 ملیار و 193 ملیۆن و 439 هەزار و 934 دینارە.
لە نووسراوەکە هاتووە کە بە گوێرەى ئەو ژمارانە، هەرێمى کوردستان رێژەى 12.7%ـی پشکەکەى لەیاسای بودجەى گشتى تێپەڕاندووە کە 13.5 تریلیۆن دینارە.
تەیف سامى رایگەیاندووە، بە گوێرەى یاسای بوجەى گشتى و بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى، ناتوانێت بەردەوام بێت لە پارەدارکردنى هەرێمى کوردستان کە گوایە پێچەوانەى یاسا و بڕیارەکانى ئەو دادگەیە، ئەوە جگە لەوەى تاوەکو ئێستا حکومەتى هەرێمى کوردستان بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەرانى جێبەجێ نەکردووە.
|