دادگەى فیدراڵى راگرتنی رێوشوێنەکانى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە رەتدەکاتەوە
2025-05-29
590 جار خوێنراوەتەوە
دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق داواکارییەکى ئەمیر مەعموورى، پەرلەمانتارى سەربەخۆى رەتکردەوە بۆ دەرکردنى فەرمانسالارى بۆ راگرتنى سەرجەم رێوشوێنەکانى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە.
دادگاکە ئەو بڕیارەى لە 14ى ئایار دەرکردووە و تێیدا ئاماژەى بەوە داوە کە داواکارییەکە شایستەى ئەوە نییە فەرمانسالارى بەپەلەى بۆ دەربکرێت.
29ـی نیسانی 2025 لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق مەرسوومى کۆمارى بۆ بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە دەرکرد و 5ـی ئایار یاساکە لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکرایەوە و چووە وارى جێبەجێکردنەوە.
داواکاریی فەرمانسالارییەکە بەشێک بوو لە سکاڵایەک کە لەلایەن ئەمیر مەعموورى پێشکێش بە دادگەی فیدراڵی کراوە دژی مەرسوومەکەی سەرۆککۆماری عێراق.
هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق وتى، "بە رەتکردنەوەى داواى فەرمانسالارییەکە لەلایەن دادگەوە دەتوانین بڵێین نیوەى ئەم سکاڵایە یەکلایی بووەتەوە".
بڕیارە 18ى حوزەیران، دادگەى باڵاى فیدراڵى یەکەم دانیشتن لەبارەى ئەو سکاڵایەوە بکات. هاوڕێ تۆفیق وتى، "مەرج نییە 18ـی حوزەیران خوێندنەوە و دەرکردنى بڕیارى تێدابێت و دادبینى دەبێت".
هەمان رۆژ دادگاى فیدراڵى تاوتوێى سکاڵایەکى دیکە دەکات کە لەلایەن پێنج ئەندامى پەرلەمان لە فراکسیۆنى ئیشراقەی کانوون تۆمارکراوە دژى هەر یەک لە سەرۆکى پەرلەمان و دوو جێگرەکەى و تێیدا داوایانکردووە رێوشوێنەکانى سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە "نادروست و نادەستوورى" بناسێنێت بۆ دەنگدان بە یاساى بە پارێزگاکردنى هەڵەبجە، بە پاساوى ئەوەى رێژەى یاسایى پەرلەمانتاران لەکاتى دەنگدان تەواو نەبووە.
پێشتر لە 6ـی ئایارى 2025 دادگەى باڵاى فیدراڵى داواکارییەکى ئەو پێنج پەرلەمانتارەى رەتکردبووەوە بۆ دەرکردنى فەرمانسالارى بۆ راگرتنى رێوشوێنەکانى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە.
14ى نیسانى 2025 پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەى پەسندکرد و بووە 19ـەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان.
|