ئابووری عێراق لەبەردەم مەترسی و هەرەسهێناندایە؟

6   کاتژمێر پێش ئێستا  287 جار خوێنراوەتەوە

دابەزینی بەهای نەوت مەترسی جددی لەسەر ئابووری عێراق دروستکردووە کە حکوومەتی فیدڕاڵی ناچار کردووە پەنا بۆ قەرزە ناوخۆییەکان ببات.

بە گوێرەی ئامارەکان، قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق ٨٥ ترلیۆن دیناریان تێپەڕاندووە ئەوەش وەک بۆمبێکی چێنراو بۆ ئابووری وڵات وەسف کراوە.

حکوومەتی فیدڕاڵی بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە دابەزینی بەهای نەوتەوە بۆی دروستبووە دەستی کردووە بە قەرزکردن لە بانکە ناوخۆییەکان، ئەم هەنگاوە مەترسی جددی لەسەر ئابووری عێراق دروستکردووە.

چونکە قەرزکردنی حکومەت لە بانکە ناوخۆییەکان بۆ دابینکردنی کورتهێنان، نەختینە لە بازاڕدا كه‌مده‌كاته‌وه‌، بەو مانایەی ئەو پارانەی کە بڕیارە بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت، وەک کارگە و بزنس و هەلی کار، خەرج بکرێن تەنیا موچە و خەرجییەکانی حکومەت خه‌رج ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش بانکەکان دەکاتە سندوقێک بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی دەوڵەت.

یەکێکی دیکە لەو هەنگاوانەی حکوومەتی فیدڕاڵ بەنیازە بیگرێتە بەر چاپکردنی دیناری نوێیە.

ئەم هەنگاوە دەبێتە مەترسی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و دابەزینی زیاتری بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار ئەوەش ئەوەندەی دیکە قەیرانی دراو لە وڵاتدا قورستر دەکات کە ماوەی چەند ساڵێکە بەرۆکی گرتووە.

بەشێک لە شارەزایان پێیان وایە قەرزی ناوخۆیی لەبەرئەوەی بە دینار دەکرێت مەترسی لەسەر ئابووری وڵات نیە بەڵام بە بەردەوام بوونی ئەم قەرزانە، ئەگەری ئەوە دەکرێت  دۆخه‌كه‌ بگاته‌ ئاستێك بێتوانایی حکومەتێک لە گەڕاندنەوەی قەرزەکانی بۆ بانکەکان یان لەدەستدانی متمانە بە سیستەمی بانکی دروستببێت كه‌ ئه‌وه‌ش دەتوانێت دەبێتە هۆی داڕمان.

ئەوەی مەترسیی ئەم قەرزانەی زیاتر کردووە ئەوەیە، تەواوی ئەو پارانە بۆ خەرجی و مووچە دەڕوات لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتانە قەرز بۆ وەبەرهێنان و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری دەکەن.

بە گوێرەی ئەو ئامارانەی میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردووەتەوە، تەنیا لەماوەی ساڵێکدا حکوومەتی فیدڕاڵی ١٣ ترلیۆن دیناری بۆ سەر قەرزە ناوخۆییەکانی زیاد کردووە، دیاریش نیە کەی حکوومەت دەتوانێت قەرزەکانی پاکتاو بکات.

لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ی عێراق نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار خەمڵێندراوە بەڵام ئێستا بۆ ٦٠ دۆلار دابەزیوە ئەوەش حکوومەتی رووبەڕووی کورتهێنانێکی گەورە کردووەتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە