پێگەی یەکێتی نیشتمانی لە رێککەوتنەکانی واشنتن چیە؟

6   کاتژمێر پێش ئێستا  243 جار خوێنراوەتەوە

ماوەی هەفتەیەک شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا بوون و دوو گرێبەستی زەبەلاحی لەبواری وزە ئەنجامداوە، هەردوو گرێبەستەکە لە زۆنی سەوزی قەڵەمڕەوی یەکێتیدایە کەچی بەرپرسانی یەکەمی ئەو حیزبە بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

بە گوێرەی بەدوداچونەکانی ٧رۆژ، لەگەڵ سەردانی شاندەکەی هەرێم بۆ واشتنتن، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بە سەردانێک لە ئەمریکا بووە بەڵام لە هیچ کام لە میدیاکانی حیزبەکەیەوە باس نەکراوە.

دیار نیە ئامانجی سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەمریکا چی بووە بەڵام پێناچێت پەیوەندی بە واژۆکردنی گرێبەستەکانی تایبەت بە وزەوە بووبێت.

هەردوو گرێبەستەکە دەکەونە سنووری پارێزگای سلێمانییەوە، لە رابردوودا یەکێتی زۆر بە سەختی دژی هەر جۆرە سەودایەک بوو کە بە غازی ناوچەکەوە بکرێت و رەتی دەکردەوە بچێتە ژێر باری خواستی پارتی بۆ وەبەرهێنان تێیدا.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ٧رۆژ، بڕیاری ئەنجامدانی گرێبەستەکان بە رەزامەندی و ئاگاداری یەکێتی بووە، پێشتر لە ئەنجوومەنی نەوت و وزەی هەرێم بڕیاری لەبارەوە دراوە ئەنجوومەنەکە لەلایەن مەسرور بارزانیەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و قوباد تاڵەبانیش جێگرایەتی دەکات.

بەهای ئەم گرێبەستانە وەک ئەوەی لە راگەیەندراوەکانی حکوومەتی هەرێم باسکراوە، بە ١١٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت کە لە رووی داراییەوە یەکێتی و کۆمپانیاکانی پشکی شێریان بەردەکەوێت ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە ناوچەی دەسەڵاتی ئەودان.

لە بەرانبەردا، دەسکەوتە مەعنەوییەکان بۆ مەسرور بارزانی دەبن کە وەک سەرۆکی حکوومەت ئەو گەمارۆ سەختەی لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لەسەر هەرێم دروست بوون دەیانشکێنێت.

بەغدا بە گرێبەستەکان نیگەران بووە، بەڵام بەهۆی پشتیوانی ئەمریکا و کۆشکی سپیەوە دەستەوەستانە و ناتوانێت دژایەتیان بکات ئەوەش بە روونکردنەوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراقدا دەردەکەوێت.

هەرچەندە وا بڕیارە، دوای گەڕانەوەی شاندەکەی باڵاکە لە واشنتنەوە، شاندێک بچێتە بەغدا و روونکردنەوە لەسەر گرێبەستە نەوتییەکان بداتە حکوومەتی فیدڕاڵ.

ئەمریکا لە سەرجەم ئەو راگەیەندراوانەی لەبارەی ئەو گرێبەستانەوە دەریکردوون جەختی لە پشتیوانی هەرێمی کوردستان  لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵیدا کردووەتەوە.

ئەمریکا دەیەوێت عێراق دەست لە هاوردەکردنی غازی ئێران هەڵبگرێت و هانی دەدات وەبەرهێنان لە کێڵگە غازییەکانی هەرێمدا بکات ئەوەش وایکردووە پشتیوانی لە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان بکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە