مەسرور بارزانی و جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە سلێمانی کۆبوونەوە
2025-04-16
159 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی، پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران کرد و کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی و سەعید خەتیب زادە، لە پەراوێزی دیداری سلێمانی بوو. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوتوێ کران و جەخت لە برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش کرایەوە".
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، "گفتوگۆکانی کۆماری ئیسلامیی ئيران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە" تاوتوێ کرا.
هەر ئەمڕۆ لە دیداری سلێمانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی قسەکانی دا رایگەیاند، "ئێران لاواز نەبووە، دراوسێی ئێمەیە، پەیوەندیی دۆستانەمان لەگەڵ ئێران هەیە. لەگەڵ ئەمریکاش دۆستایەتیمان هەیە و هەمیشە پشتوانی ئێمەن".
باسی لەوەش کرد، "رێز لە پەیوەندییەکانی خۆمان لەگەڵ ئێران و ئەمریکاش دەگرین، بەهیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی کورد نییە ببێتە بەشێک لە کێشەکە".
دەقی راگەیێندراوەکەی حکومەت:
ئەمڕۆ چوارشەممە 4/16، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە سەعید خەتیب زادە، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوتوێ کرا و جەخت لە برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش کرایەوە.
گفتوگۆکانی کۆماری ئیسلامی ئيران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
|