وەزیری ژینگەی عێراق: وشکەساڵی خەڵکی ناچارکردووە کۆچ بکەن
2025-04-17
199 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری ژینگەی عێراق دەڵێت، گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی بە بیابانبوون و خەڵکی ناچار کردووە کۆچ بکەن. بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، سەرچاوەکانی ئاوی عێراق کەمیان کردووە و ئەمەش ئەگەری ئاڵۆزی و تووندوتیژی زیادکردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 17ـی نیسانی 2025، دووەم رۆژی دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمریکی سلێمانی بەڕێوەچوو. دیدارەکە دوێنی دەستپێکرد و ئەمرۆ کۆتایی دێت، 700 سەرکردە، توێژەر و میوان بەشداری دەکەن.
یەکێک لە پانێڵەکانی دووەمی رۆژی دیدارەکە لەسەر "گۆڕانی کەشوهەوا، گرژی و تەندروستی" بوو. چوار کەس قسەیان لە پانێڵەکەدا کرد و زۆرترین سەرنجیان لەسەر کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا بوو لەسەر عێراق و سووریا.
هەڵۆ عەسکەری، وەزیری ژینگەی عێراق یەکێک بوو لە بەشداربووان و رایگەیاند، "عێراق یەکێکە لە زەرەرمەندەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، کە بەهۆیەوە تووشی گۆڕانی دیمۆگرافی و بە بیابانبوون و کەمبوونەوەی رێژەی سەوزایی بووە. لە ساڵانی رابردوودا هاووڵاتییانمان ناچاربوون بەهۆی وشکەساڵییەوە کۆچ بکەن، بۆ نموونە لە ناوچەکانی گەرمیانەوە بەرەو هەڵەبجە رۆشتوون، ئەوە لە دیالە و ناوچەکانی دیکەشدا روویداوە."
ئەر بەرپرسەی عێراق ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ژینگە کرد و وتی، "سەرۆکوەزیرانی عێراق (محەممەد شیاع سوودانی) هەوڵی زۆری داوە، یەکێک لەوانە جیاکردنەوەی وەزارەتی ژینگە بوو لە وەزارەتی تەندروستی، دواتر دامەزراندنی کۆمپانیای کاربۆن کە ئەوەش کارێکی دیکەی گەورەی حکومەتە، بۆ کەمکردنەوەی دەردانی دوانۆکسیدی کاربۆن، راستە کارەکانمان بە گوێرەی پێویست نەبوون، بەڵام هەوڵەکان بەردەوامن و دەگەینە ئەنجام".
ئیریکا گاتسن، سەرۆکی پڕۆگرامی رێگری لە ئاڵۆزی و پاڵپشتیکردنی ئاشتی لە زانکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداری پانێڵەکەی کرد و لەبارەی ژینگە و ئاوی عێراقەوە وتی، "لەسەر ئاستی نێوخۆییدا سەرچاوەکانی کەمبوونەتەوە و گوشارێکی زۆریش لەسەر سەرچاوە سرووشتییەکانە، وەکو وەزیری ژینگە [ـی عێراق] باسیکرد، ئەمە گرژی، تووندوتیژی، ئاوارەبوونی بە کۆمەڵی زیادکردووە و کاریگەری تەندروستی" نەرێنی لەسەر خەڵک هەبووە.
ئەو دەڵێت، تاوەکو دۆخی ژینگە و گوشارەکان لەسەر ژینگەی عێراق زیاتر بکەن، ئەوا ئەگەری دروستبوونی ململانێی چەکداری و بەهێزبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان، لەوانە داعش بەهێزتر دەبێت.
ئیریکا گاتسن ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەکانی عێراق لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانی ئێران و تورکیا دۆخی ژینگەی لە عێراق خراپتر کردووە و بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشە ژینگەییەکانیش پێویستە هەردوو حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی بکەن.
|