نێچیرڤان بارزانی داوای كاراكردنی په‌رله‌مان و پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌كات

2025-04-16  77 جار خوێنراوەتەوە

ێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، پێویسته‌ به‌په‌له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كارا بكرێته‌وه‌ و ئه‌ركه‌ له‌سه‌ر پارتی و یه‌كێتی دانوستانه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت خێرا بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی داهاتوی له‌ ئاستی چاوه‌ڕوانیه‌كانی خه‌ڵك و ئاڵنگاریه‌كاندا بێت.

نێچیرڤان بارزانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌میانی وتارێكدا له‌ نۆیه‌مین دیداری سلێمانی له‌ زانكۆی ئه‌مریكی له‌ عێراق- سلێمانی، ڕایگه‌یاند، "زۆر خۆشحاڵم ئه‌مڕۆ پێكه‌وه‌ لە شاری خۆشه‌ویست و دێرینی سلێمانى، بەشداریی لەم كۆڕبه‌نده‌دا ده‌كه‌ین، سلێمانی هەمیشە چرای ڕوناکیی بیر و کولتوور و فرەییی سیاسی و قەڵایەکی به‌رزى نیشتمانپەروەری بوه‌، كۆڕبه‌ندى سلێمانی، بووەتە مینبەرێکی گرنگ بۆ گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیروڕا دەربارەی پرسە هەرێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ده‌ستخۆشییه‌كی گه‌رم له‌ براى به‌ڕێزم جه‌نابى د. به‌رهه‌م ساڵح و هەمو ڕێكخه‌رانى ئه‌م كۆڕبه‌نده‌ و زانكۆى ئه‌مه‌ریكى له‌ عێراق ـ سلێمانى ده‌كه‌م".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئەمڕۆ ئه‌م كۆڕبه‌نده‌ له‌ كاتێكدایه كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاریى گه‌وره‌ى جیۆپۆلەتیکی، جیهانى گرتوه‌ته‌وه کە سروشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ده‌گۆڕێت و لەوانەیە گۆڕانکاری لە هەندێک هاوسەنگیی هەرێمی و جیهانیدا دروست بکات‌، شه‌ڕ و ململانێكان لە شوێنه‌كانى وه‌ك ئۆکراینا و غەززە و فراوانبونى کێبڕکێى ئابوریی زلهێزه‌كان، هەمویان کاریگەرییان لەسەر ناوچەی ئێمەش دەبێت.

باسی له‌وه‌شكرد، "ئێستا‌ جیهان ڕوبەڕوی ئاڵنگاریى هاوبه‌ش دەبێتەوە بەتایبەتی لە بواری گۆڕانی ئاوهه‌وادا كه‌ مه‌ترسیى له‌سه‌ر ئاسایشی خۆراک، کۆچ، تیرۆر و چه‌ندین مه‌ترسیى دیكه دروست دەکات و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئێستا و داهاتوى جیهان و مرۆڤایه‌تى ده‌كه‌ن‌. ئەو کاریگەرییانه‌ لە زۆر شوێنی عێراق بە ڕونی لێمانەوە دیارن‌ و هەزاران کەس لەبەر نەمانی ئاو، ناچار بون شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان بگۆڕن".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان باوەڕمان بە گرنگیی هاریكارى و کاری هاوبەش و هەماهەنگیی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم ئاڵنگارییانه‌، پێمان وایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت بەرپرسیاریه‌تیی هاوبه‌شى خۆی بەرامبەر بە پرسە جیهانییەکان بگرێتە ئەستۆ کە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، گرنگن".

نێچیرڤان بارزانی ده‌ڵێت، "له‌نێو هه‌مو ئه‌م ئاڵنگارییانه‌دا، مایه‌ى خۆشحاڵییه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا پەرەسەندنی ئەرێنییش دەبینین لەپێناو به‌دیهێنانى ئاشتیدا، ئه‌وه‌ى ئه‌م ماوه‌یه‌ له‌ توركیا بۆ ئاشتى هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، پرۆسه‌ و ده‌رفه‌تێكى مێژویییه‌، به‌ هه‌مو شێوه‌یه‌ك پێشوازی و پشتیوانیى خۆمان بۆ سه‌رخستنى، دوپاتده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌مه‌ دەرفەتێکه‌ بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری لەم ناوچەیه‌ و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێی هاوکاریی بنیادنەرانه‌یه‌ كه‌ سودى بۆ هه‌مو ناوچه‌كه‌ ده‌بێت".

په‌یوه‌ست به‌ دۆخی سوریا وتی، "جێگەی دڵخۆشییە کە هەمو پارت و لایەنە کوردستانییەکان کۆکن لەسەر داواکاریی ئاشتیانەی چارەسەری کێشەی کورد لە سوریا، بۆ ئەو مەبەستە هەنگاوی باشیان هه‌ڵناوه‌ بە یەکخستنی داواکارییەکانیان، هیوادارین لەگەڵ حکومەتی سوریا، بتوانن سوریایەکی دیموکرات و دابینکەری مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان دابمەزرێنن کە ببێتە سەرچاوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە، پێویسته‌ حكومه‌تى سووریا ڕه‌نگدانه‌وه‌ى هه‌مو پێكهاته‌كانى وڵاته‌كه‌ بێت به‌بێ جیاوازى و هاوبه‌شى و مافى هه‌وان له‌ سوریا پارێزراو بن".

نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگەیاند، "دواى ئه‌و هه‌مو ڕابردوه‌ تاڵه‌، پێمان وایه‌ ئیتر كاتى ئه‌وه‌یه‌ ئاوڕێكى جددى له‌م پرسه‌ بدرێته‌وه‌، هه‌مومان له‌م ناوچه‌یه‌ به‌ گیانى پێكه‌وه‌یى، ته‌بایى، یه‌كترقبوڵكردن، هاریكاریى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتییانه‌ و ئاره‌زومه‌ندانه‌، ده‌ستى دۆستایه‌تى بخه‌ینه‌ ده‌ستى یه‌كتر‌ و ئاشتییه‌كى هه‌میشه‌یى‌ له‌ ناوچه‌كه‌ به‌دىبهێنین، ئاشتییه‌ك، داهاتویه‌كى ڕوناك بۆ نه‌وه‌كانى ئێستا و داهاتوى هه‌مو میلله‌تانى ناوچه‌كه‌، مسۆگه‌ر بكات، داهاتویه‌ك تیایدا ئه‌م ناوچه‌یه‌ ببێته‌ ناوه‌ندێكى گرنگى جیهان و مرۆڤایه‌تى".

له‌باره‌ی په‌رله‌مانی كوردستانیشه‌وه‌ وتی، "پێویسته‌ پەرلەمانی کوردستان کارا بێت، بۆ ئەوەش ئه‌ركى هه‌ره‌ له‌پێشینه‌ی پارتى دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و لایه‌نه‌ براوه‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانه‌ كه‌ په‌له‌ بكه‌ن و هه‌رچى زوتره‌ كابینه‌ى تازه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێكبهێنن، حكومه‌تێك وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى چاوه‌ڕوانییه‌كانى هاوڵاتییان بێت و بتوانێت وه‌ك پێویست مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پێشهات و ئاڵنگارییه‌كاندا بكات".

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە