سوودانی: عێراقمان لە ململانێکانی ناوچەکە بەدوور گرت

2025-04-16  85 جار خوێنراوەتەوە

سوودانی دەڵێت، عێراق پێویستی بە چاکسازیی بوێرانە و گشتگیرە کە بناغەی سەقامگیری هەمیشەیی دابمەزرێنێت و داهاتوو بۆ ماوەیەکی دوور دەستەبەر بکات. ئاماژە بە ئاڵنگاریی نێوخۆیی و دۆخی ناوچەکەش دەکات.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیداری سلێمانی وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، کار دەکەن بۆ چەسپاندنی ئاسایشی بەردەوام و بەهێزکردنی سەروەریی یاسا. گوتیشی، "لەسەر ئاستی ناوچەکە عێراقمان لە ململانێکان بەدوور گرت، زیاتر لەوەش عێراق بووەتە وێستگەیەک بۆ رەخساندنی ئارامی".
 
سوودانی لە سەرەتای وتارەکەیدا، سلێمانی بە "شاری جوانی، رۆشنبیری، ھونەر و مێژوو" ناوبرد. تیشکی خستەسەر دەستکەوتەکانی حکومەتەکەی لە بواری ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاریدا. سوودانی جەختی لەسەر گەشەسەندنی بەردەوام و چاندنەوەی بەرھەمی سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراقدا کردەوە.
 
دەقی وتاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق:
 
بەناوی خوای بەخشندە و میھرەبان، خانمان و بەڕێزان، سەلام و رەحمەت و بەرەکەتی خواتان لێ بێت، بەیانیتان باش. خۆشحاڵم کە جارێکی دیکە لەگەڵ ئێوەدام لە سلێمانی، شاری جوانی، رۆشنبیری، ھونەر و مێژوو کە رووبەڕووی دیکتاتۆریەت و ستەم بووەتەوە.
 
سلێمانی ئەمڕۆ وەک شارەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق، کەشوھەوای گەشەسەندنی بەردەوام بەخۆیەوە دەبینێت و بەرھەمی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی دەچنێتەوە لە چوارچێوەی ئەو کاروانەی ھەموو عێراقییەکان قوربانییان بۆی داوە و زۆریان بۆ بەخشیوە بۆ گەیشتن بەو ئەنجامانەی ئەمڕۆ شانازییان پێوە دەکەین.
 
لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونمانەوە، ھەوڵەکانمان چڕکردنەوە بۆ ئامانجێکی دیار و روون، لەوانەش ئەوەی عێراق لەپێش ھەموو شتێکەوە بێت، خەمی ئێمەش ھاووڵاتیی عێراقییە بە ھەموو ئەو هیوا و ئارەزووەی بۆ ژیان و کارکردن و پێشکەوتن ھەیەتی. میکانیزمی کارکردنی ئەم حکومەتە لەم سۆنگەیەوە ھەڵقوڵاوە و لە دوو ساڵ و نیوی رابردوودا لە بەئەنجام گەیاندنی بەرپرسیارێتی و بەدواداچوون و سووربوون لەسەر تەواوکردنی ئامانجەکانی بەرنامەی حکومەت کاری کردووە. 
 
گەلەکەمان ساڵانێکی زۆر سەختی چەشتوە لە چەوسانەوە و گوشار و ئەو کارەساتانەی روویاندا، ساڵانێکی زۆر قوربانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری، سزا ئابوورییەکان، تیرۆر و ئەنجامی ئەو دۆخە بووە کە لە ئەنجامی ئابوورییەکی شێواو و سیاسەتی دارایی ھەڵە کەڵەکە ببوو. سەرەڕای ھەموو ئەم دیمەنە تاریکە مێژووییە، ئەمڕۆ دەچینە چارەکی دووەمی سەدەی بیست و یەکەم و وڵاتەکەمان لە ھەموو گۆشەیەکی خۆیدا چیرۆکی سەرکەوتنی بێوێنەی تێدایە، لە ھەموو شارێکی عێراقیدا کارگەیەکی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە ھەیە کە ناوەستێت.
 
بەڵێ زۆرمان لەدەستداوە، بەڵام ئەوەی دەتوانین بیکەین و ئەنجامی بدەین لەم کارە گەورەیەدا بریتییە لە تەواوکردن و وەبەرھێنان کە یەکەم پایەمان مرۆڤی عێراقییە، بۆیە بایەخمان بە دۆسیەی بەھێزکردنی لاوان دا بە شێوەیەکی تایبەت و کارمان کرد بۆ دابینکردنی دەرفەتی بەدەستھێنانی لێھاتوویی و پلاتفۆرمی پێشەنگایەتی کار و پشتگیریکردنی پڕۆژە بچووکەکان بۆ ئەو چینە کە سامانێکی مرۆیین و وێنەیان نییە.
 
 لاوان یەکەم چەکمانن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی داھاتوو، لە رێگەی بەھێزکردن و گۆڕینی دیجیتاڵی و فراوانکردنی دارایی و پەرەپێدان لە ھەموو کەرتەکانی گەشەپێدان و بەڕێوەبردن، بە متمانەوە ھەنگاو دەنێین بۆ بەدیھێنانی ئاواتەکانی گەلەکەمان، ھەزاران سکۆڵەرشیپ بەرەو باشترین زانکۆکانی جیھان دەستی پێکردووە بۆ ئەوەی خوێندکارەکانمان توانا و شارەزایی زیاتر بەدەستبھێنن، ئامارەکانیش بە راستگۆییەوە دەربڕین لە دەرفەتەکان لە دەرەوەی چوارچێوەی فەرمانگەی حکومەت دەکەن.
 
 ھاوکات، پڕۆژەکانی ژێرخانی ئابووری لە ھەموو شارەکانی عێراقدا زیادیان کردووە و رێگەوبان و پرد و خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی گەیشتوونەتە ئەو ناوچە نیشتەجێبوونانەی کە پێشتر خزمەتیان نەکرابوو؛ راکێشانی تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە سەرانسەری عێراقدا دوو هێندە زیادی کردووە بەراورد بەوەی کە سێ ساڵ پێش ئێستا ھەبوو.
 
پڕۆژەکانی شارە گەورەکانی نیشتەجێبوون و زەوییە نیشتەجێبووە خزمەتگوزارییەکان دەستیان پێکردووە لەسەر بنەمای دیدگەیەکی گشتگیر بۆ ژیانی شارستانیی دروست و سوێندمان خواردووە کە ھیچ پڕۆژەیەکی دواکەوتوو لە سەردەمی ئەم حکومەتەدا پەسند نەکرێت و جێبەجێ نەکرێت.
 
 ژمارەی پڕۆژە دواکەوتووەکانی ساڵانی رابردووش کەمیان کردووە بۆ کەمتر لە 250 پڕۆژە، لە کاتێکدا پێشتر بە ھەزاران دەژمێردران. لە پێشەنگی ئەم پڕۆژانەشدا پڕۆژەکانی تەندروستی، پەروەردە، فێرکردن، چاککردنەوەی وێستگەکانی گواستنەوە، دابەشکردن و دەستپێکردن بە پلانی بەرھەمھێنانی بەرز بۆ دروستکردنی وێستگەی کارەبا هەیە و یەکەمجاریشە دەچینە نێو بواری پڕۆژەی وزەی خۆر و وزەی پاک و نوێبووەوە و پەرەپێدانی کەرتی نەوت و فراوانکردنی بەرھەمھێنانی بەرھەمە نەوتییەکان و پشتبەستن بە بەرھەم نەوەک ھاوردەکردن، ھەروەھا ھەنگاوی گرنگ ئەوە بوو کە سووتاندنی گاز زیاتر لە 70% وەستێنرا، بە ئامانجی تەواو سووتاندنی تاوەکو ساڵی 2028، پشت بە خودا. 
 
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، دەبینین کە ئەرک و شوێنی بەرپرسیارێتی دەرفەتێکن بۆ خزمەتکردنی خەڵکی خۆمان، بۆیە دروشمی حکومەتی خزمەتگوزاریمان بەرزکردووەتەوە، چونکە گرێبەستی کۆمەڵایەتی لەنێوان هاووڵاتی و حکومەتدا پابەندە بە پێشکێشکردنی خزمەت، وەک ئەرکێک کە پەیوەندی متمانەی لە کۆی سیستمی سیاسیدا لەسەر بنیاد دەنرێت. قبووڵ ناکرێت کە کێبڕکێی سیاسی بگۆڕدرێت بۆ بەکارهێنانی دەستەواژەکانی ناوزڕاندن و دەستبردن بۆ راستییەکان لەبارەی کارەکانی حکومەت.
 
 هەروەها قبووڵ ناکرێت ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی رووبەڕووی هیچ هەڕەشەیەک ببێتەوە، لەکاتێکدا هەندێک هەوڵ دەدەن دەستکەوتی سیاسی لەسەر ئەم حیسابە بەدەستبهێنن. ئێمە نموونەی رەفتاری سیاسی ناتەندروستمان لەم رووەوە بینیوە، بۆیە ئاڵنگاری پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی هۆکارەکانی ژیانێکی شایستە بۆ هەموو عێراقییەکان ئەرکن کە حکومەت شانازییان پێوە دەکات و لە هیچ دۆخێکدا نابنە دۆسیەی سیاسی یان هەڵبژاردن.
 
حکومەت لە هەموو ئاڵنگارییەکان ئاگادارە و زوو خۆی ئامادە کردووە و بەردەوام بێ وەستان کار دەکات بۆ دابینکردنی جێگرەوە بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامی پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بە هاووڵاتییان، ئەوەش وەڵامدانەوەیەک نەبوو بۆ حیساباتی سیاسی، بەڵکو پابەندبوون بوو بە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی راستگۆیانە و نیشتمانی بۆ گێڕانەوەی سامانەکانی گەل دوای چەندین ساڵ لە بەفیڕۆدان و کەمتەرخەمی و خراپ بەڕێوەبردن.
 
بەڕێزان، عێراق پێویستی بە چاکسازیی بوێرانە و گشتگیرە کە بناخەی سەقامگیری هەمیشەیی دابمەزرێنێت و داهاتوو بۆ ماوەیەکی دوور دەستەبەر بکات، لە پێش هەموویانەوە کارکردن بۆ چەسپاندنی ئاسایشی بەردەوام و بەهێزکردنی سەروەری یاسا، لەگەڵ کارکردن لەگەڵ هاوبەشە سیاسییەکانمان بە پاڵپشتییەکی روونی مەرجەعییەتی رێنماییکەر بۆ چەسپاندنی ئەم بنەمایە وەکو یەکێک لە بنەما چەسپیوەکانی بنیاتنانی نیشتمانی.
 
ئاڵنگاریی ئابووریی کاری بەردەوامی لە زیاتر لە هەر بوارێک لێ خواستووین، دەتوانین بانگەشەی ئەوە بکەین کە چاکسازی لە زۆر کەرت دا هەن. هەروەها ئەنجامی راستەقینەی هەر چاکسازییەک گەیشتنە بە چینە هەژار و پەراوێزخراوەکان و رزگارکردنیانە لە دەستی هەژاری و چاندنی دڵنیاییە لە دڵی خێزانەکاندا لە رێگەی فراوانکردنی چوارچێوەی پاراستنی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ ئەوەی لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابوورییدا بەدەست هاتووە لە رێگەی زیادبوونی قەبارەی ئابووریی نانەوتی و زیادبوونی داهاتە گومرگییەکان بە رێژەی 128% و دابەزینی رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە بۆ 2.7%، دوای ئەوەی پێش دوو ساڵ دوو ئەوەندە بوو.
 
لەسەر ئاستی ناوچەکە عێراقمان لە ململانێکان بەدوور گرت، زیاتر لەوەش عێراق بووەتە وێستگەیەک بۆ رەخساندنی ئارامی. ئەمەش لە پاڵ پاراستنی هەڵوێستە بنچینەییە نەگۆڕەکانی عێراق دەکرێت کە هەڵوێستێکن گەلەکەمان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە  گرتوویانەبەر، بەتایبەتی هەڵوێست بەرامبەر پرسی فەلەستین و مافی فەلەستینییەکان لە خاک و مێژووی خۆیاندا؛ هەروەها گرتنەبەری هەڵوێستی یەکلاییکەرەوە لەسەر هەموو ئاستە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر بە دەستدرێژییەکانی قەوارەی داگیرکەر بۆ سەر غەززە و لوبنان.
 
ئەوەمان بیرناچێت کە جەخت بکەینەوە لە رووبەڕووبوونەوەمان بۆ ئاڵنگارییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی بازاڕە جیهانییەکان و قەیرانی خۆراک لە جیهاندا، سەرەڕای ئەوەی عێراق بە دڵنیاییەوە دەستی کردووە بە هەنگاوەکانی دۆسیەکانی کشتوکاڵ و دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک و بەدەستهێنانی خۆبژێوی.
 
ئێمە متمانەمان بە توانای عێراق هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان، چونکە بەردەوامین لە دامەزراندنی پایەکانی دەوڵەتێکی بەهێز و سیستمی حوکمڕانی بەرپرس لە سایەی ئابوورییەک کە هەوڵی هەمەجۆری و نوێبوونەوە دەدات، عێراق ئامادەیە ببێتە هاوبەشێکی متمانەپێکراو و هێزێکی بەشدار و کارا لە سەقامیگیریی هەرێمیدا.
 
دووبارە سوپاسی زانکۆی ئەمریکی سلێمانی و برای بەڕێزم دکتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری پێشوو، سوپاس بۆ ئەم بانگهێشتە بەڕێزە.
 
سەلام و رەحمەت و بەرەکەتی خوداتان لەسەربێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە